هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی گرینگی کۆمکاری عەرەبی بەشداری گرینگی دەبێت

پەیامی کورد    ...    هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی گرینگی کۆمکاری عەرەبی بەشداری گرینگی دەبێت

وابڕیاره‌ شاندێكى حكوومه‌تى هەرێم بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی عەرەبی سەر بەکۆمکاری ووڵاتانی عەرەبی بكات، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمیش زانیارى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.
بڕیاروایە لەڕۆژانی ١٤و ١٥ى ئه‌م مانگه‌دا کۆبوونەوەکانی گفتوگۆی ڕاپۆرتی دووەمی كۆماری عێراق تایبەت بەپەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ لەبارەگای كۆمكاری ووڵاتانی عەرەبی لەقاهیرە بەبەشداری شاندێكی حكوومەتی ئیتیحادی‌ و حکوومەتی هەرێم ئەنجام بدرێت.
لەو گفتوگۆیانەدا شاندی حكوومەتی هەرێم لەچوارچێوەی شاندی عێراق بەشداردەبێت، بۆ خستنەڕووی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لەڕوی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ‌و ئەو پێشکەوتنانەی لەماوەی ڕابردوودا لەهەرێمی کوردستان بەدیهاتوون‌ و ووڵامدانەوەی ئەو ڕاسپاردانەی ئاڕاستەی عێراق‌و هەرێمی کوردستان دەکرێن.
د.دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "لەساڵانی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم لەچوارچێوەی شاندی كۆماری عێراق‌ و لەمیانەی ئەندامبوونی لەلیژنەی نیشتمانی نووسینەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەو ڕێكەوتننامانەی كە عێراق تێیاندا ئەندامەو پەیوەستن بەمافی مرۆڤەوە، بەشداربوە لەگفتوگۆکانی تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی‌ و ووڵاتانی عەرەبیدا".
زێبارى ئه‌وه‌شى وتووه‌، "بەشداری هەرێم گرینگی خۆی هەیە لە ڕووی نیشاندانی پابەندبوونەكانی حکوومەتی هەرێم بەپرەنسیپەکانی پەیماننامەی عەرەبی تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ، چوونکە حکوومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە لەو ڕوەوە، لەوانەش پلانی هەرێم بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بە پاڵپشتی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم ئامادەكراوە  بە بەشداری گشت دام ودەزگاکانی هەرێم‌ و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی".
به‌وته‌ى زێبارى، "پلانی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ دەبێتە میكانیزمێكی نوێی كاركردنی حكوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان‌و ئەو ڕاسپاردانەی ئاراستەی حكوومەتی هەرێم دەكرێن لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بەنەتەیەكگرتوەكان‌و پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤ سەر بەكۆمكاری ووڵاتانی عەرەبی".


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە