هەر کەسێک مووڵەتی بازرگانییەکەی بۆ دەڵاڵی بە کارهێنابێت ئەم بڕیارەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت

پەیامی کورد      ...   هەر کەسێک مووڵەتی بازرگانییەکەی بۆ دەڵاڵی بە کارهێنابێت ئەم بڕیارەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت

وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێداچوونەوە بە ڕێكار و ڕێنماییەكانی پێدانی مۆڵەتی بازرگانی بە هاوردە و هەناردەكاران لە هەرێمی كوردستان دەكات، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، لە ئێستادا تەنها مووڵەت بەو كەسانە دەدرێت كە سەرمایەدار و بازرگانی فیعلین.

موستەفا شێخ عەبدۆلڕەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان، ڕایگەیاند: "ساڵانە وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە پێدانی مووڵەت (پێناسی) بازرگانی بۆ بازرگانان و سەرمایەداران و یاخود ئەو كەسانە دەكات، كە دەیانەوێت كاری هاوردە و هەناردە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتانی دیكە بكەن، كە بەپێی بڕیارە نوێیەكە، هەر بازرگانێك بیەوێت ببێتە خاوەنی مووڵەتی هاوردە و هەناردە و كاری بازرگانی بكات، دەبێت ڕەزامەندی و پشتگیری ڕێكخراوی یەكێتی هاوردە و هەناردەكاران و ژوورە بازرگانییەكانی كوردستانی هەبێت".

دەشڵێ: "ساڵانی ڕابردوو ڕوڵی كەمتر بە ئێمە درابوو لەم نێوەندەدا، بەڵام ئێستا رۆڵی باشمان پێ دراوە، ئەمەش بۆ خۆی گرینگە و خزمەت بەو سیاسەتە دەكات كە ئێستا كابیەنەی نۆیەم لە بەبەتی پێشخستنی لایەنی ئابووری و سەرمایەگوزرای پەیڕەوی دەكات، چوونكە ئێمە بیرمان نەچێت ڕێكخراوە ئابوورییەكان ڕۆڵی گرینگیان لە هاوكێشە ئابوورییەكان و داڕشتنی سیاسەتی هەر وڵاتێكدا هەیە، لە نێوشیاندا ڕێكخراوی هەناردە و هاوردەكاران".

عەبدۆلڕەحمان ووتیشی: "بە هۆی كارئاسانیكردن لە پێدانی مووڵەتی بازرگانی، رۆژ بە رۆژ قەبارە و گەشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرە دەسێنێت، بۆ نموونە ئێستا نزیكەی ١٠ هەزار ئەندام خاوەنی مۆڵەتی بازرگانین و حەوت هەزاریان بە كردەیی شمەك و كاڵا هاوردە دەكەن، بە تایبەتی ئەو ڕێككەوتنەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان وەزارەتی كشت وكاڵی هەرێم و بەغدا كراوە، یەكێك بوو لە هەنگاوە گرینگەكان و وادەكات بابەت هاوردەكرنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە نێوان هەردوولا خێراتر بكات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گرنگیی تەواومان بە ئاست و كوالیتی هەموو ئەو شمەك و كاڵایەنە داوە كە هاوردە كراون، چ لە ڕووی نرخ یاخود جۆرەكەی بێت."

سەرۆكی یەكێتی هاوردە و و هەناردەكارانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "پێداچوونەوە بە پێدانی هەموو ئەو مووڵەت و پێناسە بازرگانییانە دەكەین، كە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ بازرگانان كراون، كە ئەگەر دەركەوت هەر كەسێك بەدەر لە ڕێنماییەكان كاڵای هاوردە كردبێت و سوودی لەو رێگەپێدانە بازرگانییە وەرگرتبێت و بۆ دەڵاڵی بەكاری هێنابێت، دەخرێتە لیستی ڕەشەوە."


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە