هەر کەسێک نرخی نان بەرز بکاتەوە بە تووندی سزا دەدرێت
دوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، دەنگۆی گرانبوونی نرخی نان بڵاو بووەتەوە، بەڕێوبەری گشتی چاودێری بازرگانی ش دەڵێ، دڵنیایی دەدەنە ھاووڵاتیان نرخی نان گران نابێت.
نەوزاد كامیل، بەڕێوبەری گشتی چاودێری بازرگانی ، ڕایگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل، بەشێكی پەیوەستە بە دەرەوە، واتا نرخ خۆی گران بووە نەك گران كرابێت، بەڵام ئەوەی وەك دەرفەت ھەندێ خەڵك نرخ بەرز بكەنەوە، ئەوە رۆژانە لیژنەكانی چاودێری بازرگانی لەنێو بازاڕن و ھەر كەسێك نرخ بەرز بكاتەوە، سزا دەدرێت و لێپرسینەوە ھەیە".
دەربارەی نرخی نانیش، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی دەڵێت: "نرخی نان بە ھیچ شێوەیەك بەرز نابێتەوە و ھاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لەوەی نرخی نان و سەموون گران ناكرێت، چوونكە لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە رێوشوێن گیراوەتە بەر".
كامیل روونیشی كردەوە: "كۆبوونەوەیەك لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام دراوە و تێیدا ژمارەیەك بڕیار دراون، لەوانەش كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بە ڕێژەی ٢٠% لەسەر نانەواخانەكان، ھەروەھا پێدانی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیكراو، لەگەڵ دوو كۆمپانیای ناوخۆش قسە كراوە ئارد بە نرخی گونجاو بدەنە نانەواخانەكان، ھەندێ لەو بڕیارانەش چوونەتە بواری جێبەجێكردن و ئەوانی دیكەش جێبەجێ دەكرێن".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە