هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئەمنی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکەوتن لە سەر بابەتێکی گرینگتر لە بوودجە سەردانی بەغدا دەکەن

پەیامی کورد      ...    هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئەمنی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکەوتن لە سەر بابەتێکی گرینگتر لە بوودجە سەردانی بەغدا دەکەن

لە دوای پەسەندکردنی بوودجەی عێراق، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستدەکاتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر پرسی خاک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.

سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی هەرێم رایگەیاند، بەم نزیکانە دەستدەکرێتەوە بە گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، کە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ئەو ناوچانە تێکچووە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی ئەو ناوچانە.

عبدۆلحه‌کیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، کە لە ھەمانکاتدا ئەندامی لیژنەکەشە ووتی، "لەماوەیەکى نزیکدا گفتوگۆکان دەست پێدەکەنەوە، چوونکە بەشێکی پەیوەستە بەخاک و دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە و دەربەدەربوونی سەدان ھەزار ھاووڵاتی کورد".
لە لایەکیدیكەوە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر هيڵن لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ھەماھەنگی ئەمنی.
شاخەوان عه‌بدۆڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسايی كردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئاشكرایكرد و ووتی، "لە چەند رۆژی داھاتودا لەگەڵ نەتەوەیەکگرتوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی عێراق دەستدەکرێتەوە بەگفتوگۆ".

ووتیشی، "تەنھا کێشەی زەویە کشت و کاڵییەکان ماوە چارەسەربکرێت".
بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو شاندی ئەمنی عێراقی جارێکی دیكە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان. تا ئێستاش بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکان له بۆشايی ئەمنیدان  و بە بەردەوامیش ھەڕەشەی داعشیان لەسەرە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوای پەسەندکردنی ياساى بوودجەی عێراق، ئەوەی گفتوگۆی لەسەر دەکات لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بابەتی خاکە و ئەو دەستدرێژیانەیه، كه کراوەنەتە سەر ناوچە کوردستانییەکان. بۆ ئەمەش چەند لیژنەیەکی ئەمنی و سیاسی پێکھێناوە،  جەختیش لەوە دەکەنەوە، تاکە چارەسەر بۆ ئەو ناوچانە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوورە.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە