هەواڵگری ئیسرائیلی ڕۆڵى لە لەناوبردنى قاسم سلێمانى هەبووە

پەیامی کورد      ...   هەواڵگری ئیسرائیلی ڕۆڵى لە لەناوبردنى قاسم سلێمانى هەبووە

سەرۆکى پێشووى دەستەى هەواڵگری سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە "هەواڵگری ووڵاتەکەى، ڕۆڵی هەبووە لە لەناوبردنى فەرماندەى پێشووى سوپای قودسی پاسدارانى کۆماری ئیسلامی".

تامیر هایمان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ناوەندی کلتووری هەواڵگری (مابات مالام) ڕایگەیاند "لەماوەى بەرێوبردنى پۆستەکەى، دوو پڕۆسەى لەناوبردنى بەڕێوە چوون، یەکەمیان کوشتنى قاسم سلێمانى، فەرماندەى سوپای قودس و دووهەمیان بەها ئەبوو عەتا، فەرماندەى بزووتنەوەى جیهادی ئیسلامی فەلەستینی بووە لە تشرینى دووهەمى ٢٠١٩".

جەختى لەوەش کردووەتەوە کە "هەواڵگری ئیسرائیلی چەندین پیلانگێری جۆراجۆری پووچەڵ کردووەتەوە، تەنانەت ڕێگریشی کردووە لە گواستنەوەى پارەو چەکدارانى کۆمارى ئیسلامى، بۆ ئەوەى ڕێگری لە جێگیرکردنى چەکدارانى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى لە سووریا بکەن".

لە ئۆپراسیۆنێکى سەربازیدا بەرەبەیانى ٣ کانوونى دووەمى ساڵى ٢٠٢٠ى زایینى، لە ڕێگەى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئەمریکی، کاروانى هەریەک لە فەرماندەکەى سوپاى قودس و ئەبوومەهدی مۆهەندیس جێگری سەرۆکى دەستەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی بەغدا لە پایتەختى عێراق دەکرێنە ئامانج.

هۆکاری لەناوبردنى هەردوو فەرماندە سەربازییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ناویان لە لیستى تیرۆری واشینتۆن دایە و پلانداڕێژەری چەندین هێرشی چەکداری بوونە بۆ سەر هێزەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق و ناوچەکە. دواى ئەو پڕۆسەیەش تاران وەک ووڵامدانەوەیەک بۆ تیرۆرکردنى قاسم سلێمانی ، سەربازگەى عەین ئەسەدی لە پارێزگاى ئەنبار لە ڕۆژهەڵاتى بەغدا کردە ئامانج و مووشەکبارانى کرد.

هاوکات فڕۆکەیەکى مەدەنی تایبەت بەهێڵى ئاسمانى ئۆکرانیا کە لە فڕۆکەخانەى تارانەوە  فڕی کردە ئامانج و سەرجەم سەرنشینە مەدەنییەکانى تیرۆر کرد کە تا ئێستاش ئەو کەیسەى لەگەڵ چەندین ووڵات کە سەرنیشینەکان هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بووە، یەکلایی نەبووەتەوە.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە