هەواڵێکی گرینگ سەبارەت بە نرخی دۆلار

پەیامی کورد   ...  هەواڵێکی گرینگ سەبارەت بە نرخی دۆلار

پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی ڕایگەیاند، لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخی دۆلار لەبازاڕەكانی عێراقدا دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، ده‌شڵێت، "ڕێكارەكانی بانكی ناوەندیی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لەبازاڕەكانی عێراق بەردەوامە".
عەلی عەلاق به‌میدیاى عێراقى ڕاگەیاندوه‌، بانكی ناوەندی چەندین پاكێج‌ و ڕێكاری جیاجیای گرتوەتە بەر بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار لەبازاڕەكان‌ و نزیككردنەوەی نرخەكەی یان یەكسان كردنیان بەنرخی فەرمی.
پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەشكردوه‌، ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لەبازاڕەكانی عێراق بەردەوامەو پێشبینی دابەزینی نرخەكەی دەكەین لەئایندەیەكی نزیك.
لە نۆڤه‌مبەری ساڵی ڕابردوەوە نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو ڕوی لەهەڵشكان كرد لەبازاڕەكانی عێراق، ئەمەش بەهۆی سزادانی چەند بانكێكی فەرمی عێراق لەلایەن گەنجینەی ئەمریكاوە بەهۆی تێوەگلانییان لەبەقاچاخبردنی دۆلارو سپیكردنەوەی پارە.
هەرچەندە بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی نرخی فەرمی دۆلارییان بەرامبەر بە 1320 دینار جێگیركرد، بەڵام لەبازاڕەكانی كڕین‌و فرۆشتنی دۆلاری عێراقدا بەردەوام زیاتر لە 20 هەزار دینار لەنرخە فەرمییەكەی خۆی مامەڵە بەدۆلاری ئەمریكی دەكرێت.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە