هەوڵێکی دیکەی تیرۆرکردنی ئەندامێکی حێزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەی ئەندامانی هەواڵگری ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان شکستی هێنا
پەیامی کورد ... هەوڵێکی دیکەی تیرۆرکردنی ئەندامێکی حێزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەی ئەندامانی هەواڵگری ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان شکستی هێنا
سەرچاوەکانی زانیاری ڕایانگەیاندووە، پاش نیوەڕۆی دوێنی دووشەممە ٢٣ی ئۆگۆست تیمێکی سێ کەسی سەر بە ئیتلاعاتی ئێران " هەواڵگری " لە تۆپزاوا ، هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکەوت مورادی ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانیانداوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەو هەوڵەیاندا و ناوبراو لەماڵەکەی خۆیدا نەبووە.
لەگەڵ ئەوەشدا کامێرای چاودێری و شایەتەکان ئەوەیان پشت ڕاست کردۆتەوە، تیمێکی سێ کەسی، کە یەکێکیان کچێکی تەمەن (٢٢) ساڵ بووە، لەگەڵ دوو پیاو، کە یەکێکیان فارس بووە و ڕۆخساری داپۆشیوە و ئەوی دیکەیان کوردی ڕۆژهەڵات بووە بەو ئەرکە هەستاون.
ڕووداوەکە بەم شێوەیە بووە.
سەرەتا ئەندامێکی تیمەکەیان، کە کچێکی تەمەن (٢٢) ساڵ بووە، لەکاتژمێر (١:٣٠) ناردوویانە بۆ ماڵی سەرکەوت و داوای بینینی سەرکەوتی کردووە، بەڵام لەلایەن خێزانی سەرکەوتەوە پێی ڕاگەێندراوە لەماڵ نییە، پاشان لەکاتژمێر (٣:٢٠) ئێوارەی هەمان ڕۆژ، دوو پیاو، کە ئەندامی تیمەکە بوون و یەکێکیان ڕۆخساری داپۆشیوە، لەخێزانی سەرکەوت دەپرسن سەرکەوتمان بۆ بانگ بکە، بەڵام بەهۆی هاوار و قیژاندنی ژنەکەی سەرکەوتەوە هەڵدێن و ئەوێ بەجێ دەهێنن، دوای ڕووداوەکە دەزگای ئاسایشی کوردستان دەستیان بەلێکۆڵینەوەی وورد کردووە و بەدوای تاوانبارەکان کەوتوون.
ئەمە دووهەمین هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکەوت مورادی یە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا.
سەرکەوت مورادی ئەندامی حیزبی سازمانی خەباتی کوردستانە و لەئێستا وەک پەنابەری سیاسی لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێیە و پێشتر بۆ ماوەی (١٩) ساڵ پێشمەرگە و فەرماندەی حیزبی دیموکرات بووە و پاشان چوەتە نێو سازمانی خەباتەوە و چەندین چالاکی پێشمەرگانەی لەکرماشان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامداوە..
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە