هەوڵێکی نوێی ئێران لە نێوان سنووری سووریا و ئیسرائیل ئاشکرا دەبێت

 پەیامی کورد     ...   هەوڵێکی نوێی ئێران لە نێوان سنووری سووریا و ئیسرائیل ئاشکرا دەبێت  

کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدایە ناوچەی شیعەنشین لە سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل دروست بکات  

 سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵەکانی ڕابردوودا بە کەڵکوەرگرتن لە هەژاری هاووڵاتیانی سووریا و ئاوارەیی یان، سەدان هێکتار زەویی لە ناوچەی ''دەرعا، سەعسەع و قەنیرە'' کڕیوە و لە هەوڵدایە ناوچەیەکی شیعەنشین لە نزیک سنووری ئیسرائیل درووست بکات. بەپێی سەرچاوەکان دوو گوندی ''قرفا و سەعس'' لەو شوێنانەن کە ئەو کەسە شیعە مەزهەبانەی کە لە ئێران، لوبنان، ئەفغانستان و عێراق چوونەتە سووریا و سەر بە گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانن، لەوێ دەژین.

بەپێی ئەو زانیارییانە، ساڵی ڕابردوو لقی قودسی سوپای پاسداران چەندین بنەماڵەی خەڵکی سووریای کە لە ناوچەی سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل ژیان دەکەن ناچار کرد کە بە وەرگرتنی ٢٠ دۆلار لە مانگدا کەرەستەی تەقینەوە بە مەبەستی کردنە ئامانجی سەربازانی ئیسرائیلی لە سنووری ئەو ووڵاتە جێسازی بکەن.

ئیسرائیل دەیان جار سەبارەت بەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری داوە و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشاکانی سەر بەو ڕێژیمە.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە