هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی دەستی پێكرد

پەیامی کورد       ...       هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی دەستی پێكرد

چەند شەوێكە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت و وەزیری ناوخۆ و بە هەماهەنگی پارێزگار و لایەنە پەیوەندارەكان، هەڵمەتێكی بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت دەست پێكردووە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێریش دەڵێ، هەڵمەتەكە دەبەینە دەرەوەی شاری هەولێریش.

عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، راگەیاند: "چەند رۆژێكە بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی و بێ مۆڵەت دەستی پێكردووە و شەوانە هێزەكانی پۆلیس بە هەماهەنگی هێزەكانی زێرەڤانی لە ناوچە جیاوازەكانی هەولێر خاڵی پشكنین دادەنێین بۆ ئەوەی دەست بەسەر چەكی بێ مۆڵەتدا بگرین".

بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ووتیشی: "جگە لە ناوشار، هەڵمەتەكە دەبەینە دەرەوەی شاری هەولێر و تا ئەو كاتەش كە كۆتایی بە دیاردەی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت دێت، بەردەوام دەبێت.

عەمید دلێر نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەپێی یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣، كە تایبەتە بە چەك، مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكەین، كە بەپێی ماددەی ٢١ ی ناو یاساكە، هەڵگرتنی چەك بە بێ هەبوونی مۆڵەت قەدەغەیە و سزای بەدواوەیە، لەبەر ئەوەش هەموو ئەو چەكانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، دوای كۆكردنەوەیان لەلایەن پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بە نووسراوی فەرمی، رادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێن".


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە