هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر کارتی مۆبایل‌ و ئینتەرنێت

پەیامی کورد   ...  هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر کارتی مۆبایل‌ و ئینتەرنێت

 وەزیری گەیاندنی عێراق ئاشکرایکرد، پێشنیازێکیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردۆتەوە بۆئەوەی ئەو باجەی لەسەر بەکارهێنەرانی مۆبایل‌ و ئینتەرنێت دا سەپێندراوە هەڵبوەشێندرێتەوە، بەو پێیەی بەو دۆخە داراییەی ئێستا هیچ پاساوێک بۆ هێشتنەوەی نەماوە.
ئەرکان شەهاب شەیبانی وەزیری گەیاندنی عێراق لە لێدوانێکدا ووتی:"پێشنیازێکم بەرزکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەو باجی لەسەدا 20 ی خراوەتە سەر کارتی مۆبایل‌و ئینتەرنێت هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەی ئەو باجە لەساڵی 2014 سەپێنراوە کە ئەوکات عێراق لە قەیرانێکی دارایی دا بوو، هەروەک شەڕی داعش یش هەبوو".
ئاماژەی بەوەش کرد، "هۆکارێکی تریش هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر کارتی مۆبایل‌ و ئینتەرنێت، ئەویش ئەوەیە کە ئێستا یاسای بوودجە ڕاوەستاوەو ناکرێت باجیش بەبێ یاسا بەسەر هاووڵاتیاندا بسەپێندرێت، لەبەرئەوەی ئێستا هاووڵاتی بێ هیچ یاسایەک لەسەدا 20ی باجی سەر کارتی مۆبایل‌ و ئینتەرنێت دەدات".
بە ووتەی ئەو، "بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی وەزیران‌ و دیوانی چاودێری داراییان ئاگادارکردۆتەوەو تێیدا داوایان کردوە ئەو باجە هەڵبگیرێت، پێشبینیش ده‌كه‌م حکوومەتی داهاتووی عێراق باجی سەر کارتی مۆبایل‌ و ئینتەرنێت هەڵبوەشێنێتەوە".
چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش زوهرە بیجاری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن‌و پەیوەندییەکان ڕایگەیاند، دەیانەوێت لەپڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2023 باجی سەر کارتی مۆبایل‌و ئینتەرنێت هەڵبوەشێننەوە.


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە