وادەی دەستپێکردنەوی پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیندرا
پەیامی کورد ... وادەی دەستپێکردنەوی پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیندرا
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان (حکوومى - تایبەت) لەسەرەتاى هەفتەى داهاتوو بە پابەندبوون بە ساڵنامەى زانکۆیى دەستپێدەکاتەوە.
عەباس ئەکرەم، ووتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەراگەێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژى شەممە کە دەکاتە ٢٧ی ئازار، پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک زانکۆکان پابەنددەبن بە ساڵنامەى زانکۆی-یان کە لە سەرەتاى ساڵی خوێندنى ئەکادیمى داڕێژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پاراستنی پرۆسەى خوێندن، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی کۆڤید-19 بڕیاری پەیڕەوکردنی سیستەمى خوێندنى ئاوێتەى داوە وەک پێویستیەکى سەردەم و هاوشێوەى زۆربەى زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان.
عەباس ئەکرەم ئەوەشی خستەڕوو، ئەم سیستەمە سەرکەوتنى بەرچاوى لە ناوەندەکانى خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەستهێناوە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لەسەرەتاى هەفتەى داهاتوو بە پابەند بوون بە ڕرنماییە تەندرووستیەکان پرۆسەى خوێندن بە سیستەمى ئاوێتە بەردەوام دەبێت.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە