والتز : ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران سیستەمی پشکنین و قەدەغەکردنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان لەخۆدەگرێت

پەیامی کورد   ...   والتز : ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران سیستەمی پشکنین و قەدەغەکردنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان لەخۆدەگرێت

کاربەدەستانی ئێران هەروەها رایانگەیاند : تاران گومانی هەیە لە دانووستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا
مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران، جگە لە قەدەغەکردنی مووشەکی بالیستیک و بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێویستی بە سیستمێکی پشکنین هەیە کە هەموو دامەزراوە سەربازییەکانی ئەو ووڵاتە لەخۆ بگرێت.

والتز هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت ڕێگری لە ئێران بکات کە توانای بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی هەبێت.
هەر لەو پەیوەندییەدا کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە دانووستانەکانی ڕۆژی شەممە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەڕێوە دەچێت و تاران هەنگاو بەرەو واژووکردنی ڕێککەوتنێک دەنێت.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران ڕوانگەیەکی وریا لە وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا دەگرێتەبەر کە بڕیارە شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. چوونکە گومانی جیددی هەیە لە ئەگەری گەیشتن بە پێشکەوتن، هەروەها مەبەستی ڕاستەقینەی واشینتۆن.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ناتانیاهوو لە کۆشکی سپی، دەستپێکردنی وتووێژی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تاران ڕاگەیاند و ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دانووستانەکان لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەدەچن.

دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەک دا، ترامپ چەندین جار هەڕەشەی لە ئێران کرد کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ قبووڵ نەکات، ئەوا ڕێکاری سەربازی دەکات.

ترامپ ڕایگەیاند، ئەو دانووستانانەی کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە عوممان بەڕێوەبچن، ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن، بەڵام عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سێشەممە هەڵوێستی تارانی دووپاتکردەوە کە دانووستانەکان ناڕاستەوخۆ بن و ڕەخنەی لەوە گرت کە بە "فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا" ناوی برد.

عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئێران  ڕایگەیاند: دانووستانی ناڕاستەوخۆ گەرەنتی ووتووێژی ڕاستەقینە و کاریگەر دەکات.


ئەم بابەتە 30 جار خوێندراوەتەوە