واژوو کردنی ڕێکەوتننامەی تیجارەتی ئازاد لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات
پەیامی کورد ... واژوو کردنی ڕێکەوتننامەی تیجارەتی ئازاد لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات
ئەمڕۆ سێشەممە هەردوو حکوومەتی ئیسرائیل و ئیمارات رێککەوتنی بازرگانی ئازادیان واژوو کرد و بەگوێرەی رێککەوتنەکەش ٩٦%ی کۆی کاڵای هاوردەکردن و هەناردەکردن لەنێوان هەردوو ووڵات هەڵدەگرێت، ئەوەش یەکەمین رێککەوتنی لەو شێوەیەیە لەنێوان ئیسرائیل و ووڵاتێکی عەرەبی.
ئەمیر حایک، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئیمارات ئەمڕۆ سێشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان هەردوو ووڵاتی سەبارەت بە بازرگانی ئازاد بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، رێککەوتنەکە بریتی دەبێت لە هاوبەشییەکی ئابوری گشتگیر لەنێوان هەردوو ووڵات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەردوو ووڵات کاردەکەن بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان، رەخساندنی هەلی کار و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە و ئاسایشی خۆراک.
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات باج و گومرگ لەسەر ٩٦%ی هەمو کاڵا هەناردە و هاوردەکراوەکانی نێوان هەردوو ووڵات هەڵدەگیرێت.
ئیمارات یەکەم دەوڵەتی کەنداو و سێیەم دەوڵەتی عەرەبی بوو کە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە، دواتریش بەحرەین، مەغریب و سوودان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە