ووتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕوفاتی قوربانیانی گوندی کۆچۆ
ووتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەلایەن نەوزاد ھادی، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕوفاتی ٤١ قوربانی گوندی کۆچۆ خوێندرایەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
کەسووکاری سەربەرزی شەهیدان، ئامادەبووان و بەشداربووانی بەرێز
سڵاوتان لێ بێت
ئەمڕۆ بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە و بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە بەشداری لە ڕێوڕسمی بەخاکسپاردنی ڕوفاتی ژمارەیەکی دیکەی شەهیدانی دەستی تیرۆریستانی داعش دەکەین کە لە یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی مێژوودا بێبەزەییانە جینۆساید کران.
هەر لێرەوە هاوسۆزی و هاوخەمی و سڵاوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە خانەوادەی شەهیدان و کەسوکاریان دەگەیەنین و دووپاتی دەکەینەوە کە بەڕێزیان لە هەوڵ و کوششیان بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش دەرحەق بە خوشک و برایانی ئێزدیمان وەک جینۆساید بەردەوام دەبن، سوپاسی یونیتاد و پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ کار و هەوڵەکانیان لەم بارەیەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان لە هاریکاری و هەماهەنگی بەردەوام دەبین و هەموو کەناڵ و هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان دەخەینە گەڕ، هەروەها بە هەموو توانایەکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی تیرۆریستان و تاوانکارانی داعش لە هەر کوێیەک بن دادگایی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەن تا دادپەروەری بۆ قوربانیانی خوشک و برایانی یەزیدی مان و هەموو قوربانیانی دەستی تیرۆر جێبەجێ بیت.
ئامادەبووانی بەڕێز، تا ئێستا لە کۆی ٦٤١٧ ڕفێنراوی ئێزدی ٣٥٥٠ کەسیان ڕزگار کراون، لێرەدا جارێکی دیکە خوشک و برایانی ئێزدیمان دڵنیا دەکەینەوە، لەسەر فەرمانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئۆفیسی تایبەت بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی وەک هەمیشە لە سۆراغ و بەدواداچۆن و گەڕان بەدوای ڕفێنراوانی دیکەشدا بەردەوام دەبێت، وەک چەندین جار سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە تا یەک خوشک و برای ئێزدی، تا یەک منداڵی ئێزدیی بێسەروشوێن مابێت! تا ڕزگارکردن، یان یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان لە هەوڵەکانمان بەردەوان دەبین، ئێستاش تیمەکانی ئۆفیسی ڕزگارکردنی ڕفێنراوان بەردەوام خەریکی بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوەی ڕفێنراوان و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە هەرچییەک بۆ ڕزگارکردنیان پێویست بێت، هیچ درێغییەک ناکرێت.
دەربارەیی دۆخی شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێزدییان و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگێری بۆ ناوچەکە، بۆ ئەوەی خوشک و برایانی ئێزدی کە هێشتا دەیان هەزاریان لە کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن بتوانن بگەڕێنەوە شنگال و دەوروبەری، داوا دەکەین ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت، پێمان وایە ئەمە هاوکار دەبێت بۆ چارەسەری دۆخی شنگال و گێڕانەوەی سەقامگیری و ئارامی و بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە پشتگیری لە پارێزگاریکردنی شنگال دەکەین، بۆ ئەمەش لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ کار دەکەین و داواش دەکەین قوربانیانی ئێزدی خانەوادەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە، لەم بارەیەوە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لە یارمەتیدان و هاوکاریکردنی ئێزدییان، چ لە کەمپەکان و چ بۆ گێرانەوەی ژیان و ئاوەدانکردنەوەی بۆ ناوچەکانیان بەردەوام بن.
لێرەشەوە لەبەردەم ڕوفاتی پیرۆزی شەهیدانی زوڵملێکراوی ئێزدی سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەدان پێشمەرگەی قارەمان دادەنوێنین کە گیانیان بەخشی بۆ ئازادکردنی شنگال، لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانیدا بۆ تێکشکاندنی داعش و پاراستنی ئەو دەڤەرە خۆشەویستە.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان
سەری ڕێز و نەوازش لە بەردەمییاندا دادەنەوێنین
زۆر سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەین
جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕوفاتی 41 قوربانیی شاڵاوی کۆمەڵکوژییەکەی گوندی کۆچۆ کە لە ساڵی 2014 بە دەست چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کۆمەڵکوژ کرابوون، گەڕێندرایەوە زێدی خۆیان و بە ئامادەبوونی کەسوکاریان لە گوندی کۆچۆ بەخاک سپێردران.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە