ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی روونكردنه‌وه دەرباره‌ی "هێڵی سووری كۆرۆنا له هه‌رێم" بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی روونكردنه‌وه دەرباره‌ی "هێڵی سووری كۆرۆنا له هه‌رێم" بڵاو دەکاتەوە
ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكوومه‌تی هه‌رێم، روونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت "گه‌یشتنی هه‌رێمی كوردستان به هێڵی سوور" بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، به‌پێچه‌وانه‌وه رێژه‌ی تووشبووان به رێڕه‌وی راست ده‌ڕوات و تا راده‌یه‌كیش نزمبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه.
ئاسۆ حه‌وێزی ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه هه‌رێمی كوردستان به شه‌پۆڵێكی به‌ربڵاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا تێپه‌ڕده‌بێت، سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی به‌ناوی ئێمه بڵاوكراوه‌ته‌وه كه گوایه، "هه‌رێمی كوردستان ئێستا گه‌یشتوه‌ته هێڵی سوور"، به پێچه‌وانه‌وه ده‌توانین بڵێین له كاتی ئێستادا رێژه‌ی تووشبوان به رێڕه‌وی راست ده‌ڕوات و تا راده‌یه‌كیش نزمبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه.
باسی له‌وه‌شكرد، "بۆئه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوانی رۆژانه زیاتر نزم ببێته‌وه پێویسته هاونیشتمانیان پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن و په‌له بكه‌ن له ناو تۆماركردن بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین، چوونكه تا زیاتر ژماره‌ی تۆماركراوانی رۆژانه به ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌م نه‌بێته‌وه حاڵه‌ته خراپه‌كانیش كه‌م نابێته‌وه و رێژه‌ی مردنیش به‌رده‌وام به‌رز ده‌بێت".
به‌گوێره‌ی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی هه‌رێمی كوردستان، له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ١٢١٢١ پشكنینی تایبه‌ت به كۆرۆنا ئه‌نجامدراون و له‌و ژماره‌یه‌ش ١٨٢٣ تووشبووی نوێ تۆماركراون و ٢٥ تووشبووی په‌تاكه‌ش مردون.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە