ووتەبێژی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە دابەش کردنی مووچە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... ووتەبێژی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە دابەش کردنی مووچە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
جووتیار عادل، ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاریانداوە 30 رۆژ جارێک مووچە دابەشبکرێت، بەڵام ئەم مانگە بەهۆی نەگەڕانەوەی داهاتەوە کێشەی دواکەوتنی مووچە درووستبوو.
جووتیار عادل، ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوای ئەو سەردانە یەک لەدوای یەکانەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەم هەفتەیە دوو دۆسیەی گرینگ دەنێرێت بۆ بەغدا کە یەکێکیان تایبەتە بە خەرجییەکانی نەوت ئەوی دیکەیان پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان، بۆیە پێموایە ئەو بابەتە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیواخوازین ئەو شایستە داراییانە لە یاسای بوودجەدا هاتوە بنێردرێت".
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە، ووتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە بە تایبەت مەسەلەی داهات پەیوەستە بە بابەتی چاکسازی و پەیوەستە بە هاوکاری و هەماهەنگی هەمو هێزە سیاسیەکان، "ئێمە وەکو حکومەت بڕیارمانداوە کە 30 رۆژ جارێک مووچە بدرێت و گرفتی لەمجۆرەش ئەم مانگە کە بوە هۆی دواکەوتنی مووچە حاڵەتێکی چاوەڕوانکراوە، هیواخوازین ئەم حاڵەتانە دوبارە نەبێتەوە".
جووتیار عادل باسی لەوەشکرد، "ئەوەی داهاتە لەبەردەستی حکوومەتدا هەیە هەمووی بۆ مووچە تەرخاندەکرێت و ئەولەویەتی حکوومەت مووچەیە، بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بدرێت چونکە تەنانەت دۆخی بازاڕیش پەیوەستە بە دابەشکردنی مووچەوە".
لەبارەی رووداوەکانی ئامێدی لە نێوان پەکەکە و پێشمەرگە، جووتیار عادل باسی لەوەکرد، "پەکەکە بوەتە هۆی شەهیدکردن و ئاوارەکانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، نازانم بە چی حەقێک ئەو مافەی بە خۆیداوە کە ئەو دەستدرێژی بکات و لە رێگەی دانانی بازگەی گومرگییەوە داهاتی خەڵک ببات، بۆیە دەبێت ئەو دۆخە کۆتایی پێبێت وهیواخوازین حکوومەتی عێراق هەڵوێستێکی جیددی تر لەو روانگەیەوە بگرێتەبەر".
...
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە