ووتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش سەبارەت بە کۆنگرەکەی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
ووتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، هیچ کام لە بەشداربووانی کۆنگرەکەی هەولێر کە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، پەیوەندیان بە ئەوانەوە نیە.
وەین مۆرۆتۆ، ووتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لەبارەی کۆنگرەی "السلام والاسترداد" لەلایەن ناوەندی پەیوەندییەکانی ئاشتییەوە لە شاری هەولێر بەسترا، رایگەیاند، "دوور و نزیک هیچ پەیوەندیەکمان بەو کۆنگرەوە نیە کە لە هەولێر و هیچ زانیاریەکی پێشوەختەمان نیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەکوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ جۆرە پشتیوانیەک و هاوسۆزییەکمان بۆ بەشداربووانی کۆنگرەکە نیە".
٢٤ی ئەم مانگە، کۆنگرەی "السلام والاسترداد" لەلایەن ناوەندی پەیوەندییەکانی ئاشتییەوە لە شاری هەولێر بەسترا، کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکی ئەمریکایەو لە کۆنگرەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی هۆزەکانی عێراق بەشداربون، بەڵام داواکاری کۆنگرەکە لە بەیاننامەی کۆتاییدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل مشتومڕی زۆری لێکەوتەوەتەوە و دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆزکردوە.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ شەممە راگەێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەیەک بڵاوکردەوە، کە رۆژی هەینی لە هەولێر لەژێر ناوی "السلام والاسترداد" رێکخرابوو، رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و بەڕێوەچوە، ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکات".
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە