ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی : سێ نەخۆشخانە تەواو دەکرێن
پەیامی کورد ... ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی : سێ نەخۆشخانە تەواو دەکرێن
ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ئاماژەی بەوە کرد : سێ نەخۆشخانەی گشتی کە پێشتر کارکردنیان تێدا ڕاگیرابوو تەواو دەکرێن و دەخرێنە خزمەت ھاووڵاتییان، دەشڵێ : ژمارەیەک وەبەرھێنەر داوای مووڵەتیان کردووە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت.
دکتۆر سەرکار سوورچی، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ڕایگەیاند: سێ نەخۆشخانەی گشتی لە ئامێدی و سۆران و پیران پێشتر کاریان تێدا کرابوو، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی تەواو نەکرابوون، ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە تەواوکردنی ئەو سێ نەخۆشخانەیە، ھەر سێ نەخۆشخانەکەش سەر بە حکوومەتن و نەخۆشخانەی گشتین.
ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ووتیشی : دوای تەواوبوونیان ھەرسێ نەخۆشخانەکە پێشوازی لە نەخۆش دەکەن و خەڵکی ئەو سنوورانە بۆ خزمەتگوزاری تەندرووستی سوودیان لێ وەردەگرن.
دکتۆر سەرکار سوورچی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە ھەرێمی کوردستان ١٣ وەبەرھێنەر پڕۆژەیان پێشکەش کردووە بۆ درووستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت، بەپێی یاسا و ڕێنمایی یەکان مووڵەتی درووستکردنی نەخۆشخانە بە وەبەرھێنەران دەدرێت، ھەرکەسێک ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی بگرێتەبەر و مەرجەکانی ھەبن مووڵەتی درووست کردنی نەخۆشخانەی پێدەدرێت.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە