ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکەی ووڵاتەکەی زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو
پەیامی کورد ... ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکەی ووڵاتەکەی زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو
ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران هێزێکی جیهانییە و لەگفتوگۆکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ش کەلە ڤییەننا بەڕێوە دەچن بەرەوپێشچوونی باش بەدەستهاتووە، بەڵام ژمارەیەک دۆسیەی سەرەکی ش هەیە کەدەبێت لەگفتوگۆکاندا یەکلایی بکرێتەوە .
سەعید خەتیب زادە، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەلێدوانێکدا رایگەیاند، "ئەگەری ئەوە هەیە دوایین قۆناغی گفتوگۆکانی ڤییەننا بەڕێوەبچێت، دەبێت ئێمە پەلە نەکەین دوای ئەوەی لەگفتوگۆکان بەرەوپێشچوونی باش بەدەستهاتوون، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک دۆسیەی سەرەکیش ماون کە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە".
ئێران لە گفتوگۆکانی ڤییەننا داوا دەکات رێگەی پێبدرێت پارێزگاری لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بکات کەدوای کشانەوەی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ لەرێککەوتنی ئەتۆمی، تاران یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرزکردەوە، هەروەها ئێران داوا دەکات سەرجەم سزاکانی سەر ووڵاتەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.
پێشووتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نیازی خۆی بۆ گەڕاندنەوە بۆ نێو رێککەوتنەکە ئاشکراکردووە، بەڵام بەو مەرجەی کە ئێران بە تەواوی بە رێککەوتنەکە پابەندبێتەوە.
ساڵی 2018، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، واشینتۆنی لە رێککەوتنەکە کشاندەوە و قۆناغ بە قۆناغ سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چوونکە پێیوابوو رێککەوتنەکە پێویستی بە پێداچوونەوەیە.
لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران دەستی بە هەڵپەساردنی قۆناغ بە قۆناغی ئەرکەکانی کرد و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردەوە.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە