ووردەکاری و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاو دەکەینەوە

پەیامی کورد     ...    ووردەکاری و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاو دەکەینەوە

ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوەوە و گفتوگۆی دەربارەی دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆژە یاسای بوودجەی فیدراڵی و بوودجەی هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات پەیڕەوی هاوبەشی کردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی کارەبا پەسەندکران. 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن کۆبوەوە و جێگری سەرۆک وەزیران و سە‌رۆكی شاندی دانووستاندكار، دوا پێشھات و رێڕە‌وی گفتوگۆكان لە‌گە‌ڵ حکوومەتی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی بوودجە‌ و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بوودجە‌ی ٢٠٢١ ، خستە‌ڕوو. 

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جە‌ختی لە‌وە‌ش كردە‌وە‌ كە‌ بە‌ردە‌وامن لە‌ دانووستاندنە‌كان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھە‌یە‌ بۆ چارە‌سە‌ر كردنی ئەم بابەتە. 

لە ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ و ئاماژەیان بەوە کرد، زۆربەی داتاکانی وەزارەتەکان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بوودجەیەکی شەفاف و ڕاستەقینە ئامادە بکرێت.  

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان، ڕەشنووسی پڕۆژە پەیڕەوی هاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، دوای گفتوکۆ و ڕاگۆڕینەوە، پەیڕەوەکە پەسەندکرا. 
بڕگەی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە پەسەندکردنی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای  وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕو.

لە دوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا و پلانی وەزارەتەکەی دەربارەی ڕێکارە تەندرووستییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە خستەڕوو. 
لەراگەێندراوەکەدا هاتووە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، "دڵنیاییدا لەسەر بەردەوامبوونی خوێندن بە مەرجی ڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندرووستیەکان لە پێناو پاراستنی سەلامەتی و ژیانی قوتابیان و خوێندکاران ومامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن".
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندرووستییەکان لە بەرچاو بگرن، داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە هاوکاری جێبەجێکردنی پلان و ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بن بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوەی کۆرۆنا.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە