ووشکەساڵی ئەمساڵ دەبێتە هۆی ئامادەکاری و پیلاندانان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کێشە گەورەیە

پەیامی کورد     ...   ووشکەساڵی ئەمساڵ دەبێتە هۆی ئامادەکاری و پیلاندانان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کێشە گەورەیە

کەمی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ نیشانەکانی ووشکەساڵی بەدەر خستووە و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش خەریکی ئامادەکردنی پلانن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ووشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان. بەڕێوبەری گشتی ئاویش دەڵێت، ووشکەساڵی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی ھەیە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : "بەھۆی کەمی ڕێژەی بارانبارینەوە ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان بەرەو ووشکەساڵی دەچێت کە ووشکەساڵی و کەمی بارانبارین ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئاو ھەیە، لەبەر ئەوەش، پێشبینیی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دەکەین لە ھەرێمی کوردستان، چوونکە ھەر لە ئێستاوە ئاستی ئەمبارکراوی ھەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە."

ئاری ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتە لەبارەی پرسی ووشکەساڵی و لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکایەتی حکوومەتیش کۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بۆ ووشکەساڵی بگرینە بەر و لە کاتی ھەبوونی ھەر ڕووداوێک بەھۆی ووشکەساڵییەوە ھەوڵ بدەین زیانەکان کەم بکەینەوە."

حسێن حەمە کەریم، ووتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش  ڕایگەیاند: "وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ماوەیەکە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ووشکەساڵی دەکات و پێشتر ئەنجوومەنی وەزارەت تایبەت بە وشکەساڵی کۆ بووەتەوە و ژمارەیەک پێشنیاری داوەتە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، چوونکە ئەگەر نەڵێم وشکەساڵی سەداسەدیش، بەڵام لە زۆرێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ووشکەساڵی ڕووی داوە و ئەم دیاردەیە چەندین ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە."


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە