ووڵاتی عێراق بەهۆى ئێران و تورکیاوە ، تووشى گەورەترین قەیرانی لەم شێوەیە دەبێتەوە

پەیامی کورد      ...   ووڵاتی عێراق بەهۆى ئێران و تورکیاوە ، تووشى گەورەترین قەیرانی لەم شێوەیە دەبێتەوە
 

بەهۆى سیاسەتەکانى هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئێران، عێراق ڕووبەڕووى گەورەترین قەیران ئاو لەمێژووى خۆیدا دەبێتەوە و، بووەتە هۆکارێک بۆ کۆچکردنى گەورەى جووتیاران و، ووشکبوونەوەى چەندین کێڵگەى میوە لەو ووڵاتە، بە جۆرێک زۆربەى زەوییە کشتوکاڵییەکانیش بوونەتە بیابان.

بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى (لۆس ئەنجلێس)ـى ئەمریکی، کە تیشکی خستوەتە سەر ئەو قەیرانە ژینگەییەى بەغداو، تێدا باس لەوە دەکات " پارێزگاى دیالە، بووەتە نمونەیەک لە تینوو بوونى عێراق، ووڵاتێک کە لەجیهاندا نمونەى کشتوکاڵی بووەو، زەوییەکى بەپەیتى هەیە بۆ چاندن، کەپشتى تەواوى بەهەردوو رووبارى دیجلە و فورات بەستووە".

راپۆرتەکەى ئەو رۆژنامەیە ئەو قەیرانەى عێراق دەخاتە ئۆباڵى ووڵاتانى هەرێمایەتى بەتایبەت تاران و ئانکارا، کە هۆکارن بۆ دروستبوونى گەورەترین قەیران ئاو لەمێژووی ئەو اوڵاتە.

تەها یاسین، یەکێکە لەخاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ رۆژنامەکە قسەی کردووەو، جەختى لەوە کردۆتەوە " پێشتر شارەکەیان قەرەباڵغترین شار بووە لە رووی بەروبوومی کشتوکاڵی و، سەبەتەى هەموو عێراق بووە".
ئەو جووتیارە کەپێشتر خاوەنى سێ کێڵگەى کشتوکاڵى هەنارو ترێ بووە، ئێستا هەموویان بوونەتە بیابان و، زۆربەى دارەکانى هەناریشى بڕیوەتەوە، چوونکە ئاوی دەست ناکەوێت بۆ درێژەدان بەکارەکەى".

ئەمەش لەکاتێکدایە دیالە، هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئێران و، ئەو ووڵاتەش بەهۆى سیاسەتە شەڕانگێزو پاوانخوازییەکەى بەسەر بەغدادا، بەبێ هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ دراوسێیەکەى، رێڕەوی زۆربەى رووبارى ناو ووڵاتەکەى گۆریوەو، تەنانەت هۆکاری سەرەکییە لەووشکبوونى رووبارى ئەڵوەنى شارى خانەقین.

جگە لەوانەش هەریەک لەئەنکەراو تاران، چەندین بەندئاو و، توونێل بۆ گواستنەوەى رێڕەوی ئاویان لەسەر رووباری دیجلەو فورات دروست کردووەو، عێراقیان تووشى ئاڵۆزی ئاو کردووە.سەرەڕاى ئەوەى بەغدا بەفەرمی و نافەرمی داواى بەرزکردنەوەى پشکى خۆی لەو دوو رووبارە کردووە، بەڵام داواکانى بێ ووڵام ماونەتەوە.

بەجۆرێک ئاراستەى هەردوو رووبارەکە لەلایەن تورکیاوە بۆ عێراق بەئاستى دوو لەسەر سێ پاشەکشێی کردووەو، لەلایەن ئێرانیشەوە بەسەدا ١٠ کەمیکردووە.جگە لەو شکە ساڵى کەشوهەوا، زۆربەى کاتەکان لەهاوینان پلەى گەرماى ئەو ووڵاتە بۆ سنوورى ٥٠ پلەى سەدی بەرزبووەتەوەو، ئەمەش ئاڵۆزییەکی دیکەیە بۆ کەرتى کشتوکاڵى بەغدا.
لەلایەن خۆیەوە رێکخراوی بیرکلی ئێرس، تایبەت بەزانستى ژینگەیی دەڵێت " ئەو پلە گەرمییەى لەعێراقدا هەیە بەئاستى ناوەند بەدوو هێندەى خۆی بەرزبووەتەوە".

لەپاڵ ئەوانەش ساڵى رابردوو عێراق پێنجەم ووڵات بووە لەسەر لیستى نەتەوە یەکگرتووەکان کەزۆرترین زیانى لەگۆڕانکارییەکانى ژینگە بەرکەوتووە.
بانکى نێودەوڵەتى پێشبینى دەکات تا ساڵى ٢٠٥٠ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماو، کەمبوونەوى باران بارین، عێراق رووبەرووی لەدەستدانى سەدا ٢٠ ئاوی خواردنەوە بکات.

ئەمەش هاوتایە بەوەى یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ووشک دەبن و، بۆ چاندنى کشتوکاڵى بەکەلک نایەت. بۆیە ئەوەى ئێستاش لە دیالە روودەدات نمونەیەکى بچووکى سەرجەم خاکی عێراقەو، هێدی هێدی بەرەو شارەکانى دیکەش باڵ دەکێشێت و، لەبەرامبەریشدا حکوومەت هیچ پلانێکى ڕوونی لەبەردەستدا نیە.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە