وۆڵ ستریت ژۆرناڵ : ئیسرائیل هەوڵی دابەشکردنی سووریا دەدات
پەیامی کورد ... وۆڵ ستریت ژۆرناڵ : ئیسرائیل هەوڵی دابەشکردنی سووریا دەدات
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە سەرچاوەکان نووسیویەتی کە ئیسرائیل بانگەشەی هەڕەشەی "ئیسلامییەکان" لە سووریا دەکات و هەر بۆیە هەوڵ دەدات دروزەکانی سووریا ڕازی بکات کە حکوومەتی نوێ لە دیمەشق قبووڵ نەکەن.
ڕۆژنامەکە لە درێژەدا نووسیویەتی، ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی درووزەکان لە باکووری ناوچە داگیرکراوەکان دابین کردووە. ئەم هەنگاوە بە ووتەی شرۆڤەکارانی ئەمنی بە مەبەستی قەناعەت پێکردنی ئەم گرووپە کەمینەیە کە حکوومەتی نوێ لەو ووڵاتە قبووڵ نەکەن و دووبەرەکی و دابڕان لە سووریا درووست بکات.
ئیسرائیل هەروەها لۆبی بۆ زلهێزەکانی جیهان دەکات لەسەر بیرۆکەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی نوێ لە سووریا لە شێوەی سیستەمی فیدراڵی ناوچە نەتەوەییە ئۆتۆنۆمییەکان و ناوچە سنوورییەکانی باشوور لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەک داماڵین. بیرۆکەیەک کە حکوومەتی دیمەشق ڕەتی کردووەتەوە.
لەم دواییانەدا بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای داماڵینی سەربازی باشووری سوریای کرد.
ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی سووریا کە سەردەمانێک هاوپەیمانی قاعیدە بوون، نابێت لەو ناوچانە بن. هاوکارییە داراییەکان بۆ دروزەکان دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی کرد و بانگەشەی پاراستنی کەمینەی درووزەکانی لە سووریا کرد.
ناتانیاهوو ووتبووی "رێگە نادەین دروزە سوورییەکان لە لایەن حکوومەتی ئەو ووڵاتە زیانیان پێ بگات".
لە کاتێکدا کە ئیسرائیل بە خێرایی لە هەوڵی پاراستنی سنوورەکانی و درووستکردنی ناوچەی پارێزراودایە، کردەوەکانی دەچێتە سەر دابەشکردنی سووریا و پێشخستنی دیدگای سووریایەکی فیدراڵی کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە ژێر کۆنترۆڵی "دروزە دۆستەکان" لەسەر سنوورەکانە. لە سیناریۆیەکی وادا حکوومەتی ناوەندی لە سووریا دەسەڵاتی کەمتری دەبێت و بڕیاردانی ناوخۆیی زیاتر لە دەستی ناوچە جیاوازەکاندا دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نزیک لە ئیسرائیل.
گیدئۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێشتر لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا لە برۆکسل لە ٢٤ی شوباتدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە سووریایەکی سەقامگیر تەنها دەتوانێت سووریایەکی فیدراڵی بێت کە ناوچە سەربەخۆکان لەخۆبگرێت و ڕێز لە شێوازە جیاوازەکانی ژیان بگرێت.
ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە