+ وێنە ... چالاکێکی سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری هەولێر لە هەوڵێکی تێرۆر کردن ڕزگاری دەبێت

پەیامی کورد     ...   چالاکێکی سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری هەولێر لە هەوڵێکی تێرۆر کردن ڕزگاری دەبێت

 چالاکێکی سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاری بوو و ئێستا لە نەخۆشخانەیەک لەژێر چاودێری پزشکی دایە.

بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی،(٤ی مارسی ٢٠٢٢) هاونیشتمانییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی "سیرووس جەلی باقو" خەڵکی گوندی "دێلەزی" سەربە شاری سەڵماس لە شەقامی ٣٠ی مەتری شاری هەولێر لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری ڕۆژانەی خۆی بووە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو هێرشی دەکرێتە سەر و هەوڵی کوشتنی دەدەن.

 "جەلی باقو" وێڕای پشت ڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە لە وتووێژێکدا دەگەڵ هەواڵنێری "چاونیوز" ووتی: ئێوارەی ڕۆژی هەینی لەلایەن چەند کەسی نەناسراو لە پشتەوەڕا بە چەقۆ و قەمە هێرشم کرایە سەر و کاتێک زانیم چیم بەسەرهاتووە کە لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتبووم و پزیشکەکان دەرمانیان دەکردم.

ئەو چالاکە سیاسییە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی ٢٠١٨ لەلایەن دادگای شاری سەڵماس و بە پشتیوانی بەردەوامی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران و هاوکاری و ئاسانکاری کونسوولگەری ئەو ڕێژیمە لە هەولێر، داوای ڕادەستکردنەوەی ناوبراویان لە حکوومەتی هەرێم کردبوو بەڵام بەهۆی هەوڵی پارێزەرانی ئەو چالاکە سیاسییە بەپێی یاسا هەموو ئەو تۆمەتانەی بۆی هەڵبەسترابوو، بە چەواشەکاری ناسێندران و ئازاد کرا.

لەم بارەیەوە "سۆهراب ئەسەدۆڵلا موحەممەد"(ڕەحمەتی) پارێزەری ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆی لە ئەستۆگرتنی چەندین دۆزی تیرۆری دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان، زۆرجار لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ئێران هەڕەشەی کوشتن و تیرۆر کردنی لەسەر بووە بە "چاونیوز"ـی راگەیاند: من لە قۆناغێکدا پارێزەری ئەو چالاکە سیاسییە بوومە و بەپێی ئەو تۆمەتانەی لەلایەن، لایەنی ئێرانییەوە بۆی هەڵبەسترابوو بێ تاوان دەرچوو و دوای ئەوەیکە لە ڕووی یاساییەوە نەیانتوانی "سیرووس" بگوازنەوە ئێران، داوایان کردبوو کە نابێ لە هەولێر بێ و دەبێ بچێتە پارێزگای سلێمانی، کە لەوشارەش چەندین جار لەلایەن هێزەکانی سەربە "قەرارگای ڕەمەزان" هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو و جارێکی دیکە گەڕایەوە هەولێر و بەداخەوە ڕۆژی پێنج شەممە لەلایەن کەسانی هەتا ئێستا نەناسراوەوە هێرشی کراویتە سەر.

"سیرووس جەلی باقو" ڕایگەیاندووە: من دەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک کێشەم نەبووە و تەنیا ئەندامانی سوپای قودسی " سوپای پاسدارانی ئێرانی " بە تاوانبار دەزانم و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بە هانامەوە بێن چوونکە گیانی من لە مەترسی دایە، هەروەها داوا لە هێزەکانی "ئاسایش"ـی هەرێمی کوردستان دەکەم هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی تاوانباران بۆ ئەوەیکە بە دەستی یاسا بسپێردرێن.

جێگای ئاماژەیە کە، ئەو چالاکە سیاسییەی دژبەری ڕێژیمی ئێران ماوەی ٤ ساڵ دەبێ کە بە ناچار لەبەر چالاکی سیاسی زێدی خۆی جێهێشتووە و هەرجار بە پیلان و تۆمەتی هەڵبەستراو هەوڵ داروە ڕادەستی ئێران بکرێتەوە، تەنانەت جارێک لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە لە بەغدا دادگایی دەکرێ و بێ تاوان دەناسرێ و ئازاد دەکرێ، کە لەم نێوەدا و بە قسەی ئەو دەست بەسەرکراوە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی سەربە سوپای پاسداران ەوە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لە بەندیخانەکانی بەغدای لێکراوە.

 


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە