+ وێنە ... کونسووڵخانەی ئەمریکا، بەریتانیا، ئاڵمانیا و هۆڵەندا نامەیەک ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی دەکەن

پەیامی کورد     ...  کونسووڵخانەی ئەمریکا، بەریتانیا، ئاڵمانیا و هۆڵەندا نامەیەک ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی دەکەن

کونسووڵخانەی ئەمریکا، بەریتانیا، ئاڵمانیا و هۆڵەندا لەبارەی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن و رایدەگەینن، بەو پێیەی بەشێکن لە ووڵاتانی بەشدار لە پرۆسەی چاسازی هێزی پێشمەرگە، هانی خانەنشینکردنی ٨٣٠ ئەفسەری پێشمەرگە دەدەن و داوای کاراکردنەوەی کۆمەڵێک هەنگاوی هەڵپەسێردراوی پرۆسەی چاکسازی دەکەن لەوانەش ستراتیژی بەرگری سەربازی و یەکەی ژمێریاری یەکگرتوو.

کونسووڵخانەی ئەمریکا، بەریتانیا، ئاڵمانیا و هۆڵەندا لەنامەکەیاندا کە ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردوە، ئاماژەیان بەوەشکردوە، "پیرۆزبایی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەسەر ئەو بەرەوپێشچوونەوەی فەراهەمی کردوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی پێشمەرگە، کە ئەمە هەنگاوێکی یەکجار گرینگە بۆ خوڵقاندنی هێزێکی شەڕکەری کاریگەرتر. لەم کاتەدا کە زیاتر لە ٢ هەزار پێشمەرگە خانەنشینکراون بەپێی یاسا نوێیەکە، ئێمە هانی جێبەجێکردنی خانەنشینکردنی ئەو ٨٣٠ ئەفسەرەش دەدەین، بەو شێوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی کردوە.".

ئاماژە بەوەش دەکەن، "لەو باوەڕەداین پێویستە هەنگاوی هاوشێوە بگیرێنەبەر لەسەر بڕگە هەڵپەسێردراوەکانی چاکسازی، کە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزیکردوونەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندکردنیان، بۆ نموونە ستراتیژی بەرگری سەربازی و یەکەی ژمێریاری یەکگرتوو."

کونسووڵخانەکانی ئەو چوار ووڵاتە پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکی هێزەکانی حەفتا دەردەبڕن بۆ یەکخستنی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی دوو لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو بارەیەوە دەڵێن، "چاوەڕوانی پەسەندکردنی داواکارییەکەی هێزەکانی حەفتاین بۆ یەکخستنی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی دوو لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە."

لە نووسراوەکەدا کە واژووی سڤێن مۆسلەر کۆنسووڵی گشتی ئاڵمانیا، مایکا کایزەر جێگری کۆنسووڵی گشتی هۆڵندا، دەیڤد هەنت کۆنسووڵی گشتی بەریتانیا و رۆبێرت پاڵادینۆ کۆنسووڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای لەسەرە ئاماژە بەوەش دەکەن، "ئێمە پابەندین بە پشتگیریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەت بۆ ئەم چاکسازییە. هاوکات چاوەڕوانی هەنگاوەکانی داهاتووین بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی درێژ مەودا و ئاسایشی بەردەوام لە هەرێمی کوردستانی عێراق."


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە