+ وێنە ... گەنجێکی هەولێری لە سنوورەکانی بێلاڕووسیا گیانی لە دەستدا
گەنجێكی کۆچبەری کورد، کە ماوەی ١٤ رۆژە کوردستانی جێهێشتوە، شەوی رابردوو لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا گیانی لەدەستدا، باوكی دەڵێت: كوڕەكەی نەخۆشی شەكرەی هەبوەو داوا لە لەلایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکات هاوکاریان بکەن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی.
بە پێی زانیارییەکانی ئەم هەواڵە گەیلان دلێر ئیسماعیل، تەمەن ٢٥ ساڵ، کە دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر بوەو، شەوی رابردوو لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا گیانی لەدەستداوە.
دلێر ئیسماعیل، باوکی گەیلان رایگەیاندووە "کوڕەکەم رۆژی ١٤ی ئەم مانگە لەگەڵ دوو براو خوشکێکی و زاوایەکمان بەڕەسمی گەشتیان کرد بۆ بێلاڕووسیا، بەڵام گەیلان شەوی رابردوو لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا گیانی لەدەستداوە و تاوەکوو ئێستاش تەرمەکەی هەر لەسەر سنوورە."
سەبارەت بە هۆکاری گیان لەدەستدانی کوڕەکەی، دلێر ئیسماعیل ووتی: "کوڕەکەم نەخۆشی شەکرەی هەبوو، دەرمانی دوو مانگی لەگەڵ خۆی بردبوو، بەڵام دەرمانەکانی لە جانتای زاواکەمان دابووە، ئەویش لەوێ لێی دابڕاوە، بەهۆی نەمانی چارەسەرەکانی، گیانی لەدەستداوە."
باوکی گەیلان ئاماژەی بەوەدا، شەوی رابردوو تەندرووستی گەیلان تێکچووە، براکانی ویستوویانە لە سنووری بێلاڕووسیا بیپەڕێننەوە و لە نەخۆشخانەیەکی پۆڵەندا چارەسەری بکەن، دوای بڕینی سنوور لەلایەن پۆلیسی پۆڵەندییەوە دەستگیرکراون و نێردراونەتەوە بۆ ناو خاکی بێلاڕووسیا.
دلێر ئیسماعیل ووتیشی، منداڵەکانی، کە ١٤ی ئەم مانگە کوردستانیان جێهێشتوە، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار دۆلاریان خەرجکردوە و هێشتا هەر لە بێلاڕووسیان، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هاوکاریان بکەن بۆ هێنانەوەی تەرمی کوڕەکەی بۆ کوردستان.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە