وەبەرھێنانی دھۆک : یەک ملیۆن داری زەیتوون و فستەق دەچێنین
پەیامی کورد ... وەبەرھێنانی دھۆک : یەک ملیۆن داری زەیتوون و فستەق دەچێنین
بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک دەڵێت، ئەمساڵ لە دوو قەزای پارێزگای دھۆک دوو ناوچەی پیشەسازی درووست دەکرێن و بڕیارە یەک ملیۆن داری زەیتوون و فستەقیش بچێنن، ئەو پڕۆژەیەش کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دکتۆر ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بڕیارە بۆ ئەمساڵ لە قەزای بەردەڕەش ناوچەیەکی پیشەسازی گەورە بنیات بنرێت بۆ ئەوەی کارگەی لەسەر دروست بکرێت، کە لەسەر ڕووبەری نزیکەی ٨٠٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت، هاوکات ئەوەی ئێمە دەیکەین ناوچەکە ئامادە بکەین و ھەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین بکەین، هەروەها ئەوەی بیەوێت کارگە دروست بکات ھەموو ھاوکارییەکی دەکرێت، بۆیە ئێستا لە قۆناغی کوژاندنەوەی زەوی و ڕێکارەکانداین تەواو بێت دەست بە درووستکردنی دەکرێت و لە ئاکرێش پیشەسازی ئۆتۆمبێل دروست دەکرێت، کە ئەویش گەورە دەبێت ھاوشێوەی ئەوەی دھۆک.
دکتۆر ھەڤاڵ باس لەوەش دەکات، "ھەر ئەمساڵ دەست بە چاندنی یەک ملیۆن داری زەیتوون و فستەق لە سەرتاسەری دھۆک کراوە، لە ئاکرێ لەسەر ڕووبەری ١٩٥ دۆنم دەست بە چاندنی دار کراوە و بە چوار قۆناغ یەک ملیۆن داری زەیتوون و فستەق دەچێنین و ئامانجیش لێی زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ و سەوزاییە لە پارێزگای دھۆک بە گشتی، چوونکە ھەر دارێک بچێندرێت، قازانجی زۆرە و ئێمەش ھەوڵ دەدەین زۆرترین دار بچێنین.
ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە