وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل تێکشکانی دوو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەى سوپاى پاسداران لە نزیک هەولێر لە لایەن ئەمریکاوە پشتڕاست دەکاتەوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل تێکشکانی دوو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەى سوپاى پاسداران لە نزیک هەولێر لە لایەن ئەمریکاوە پشتڕاست دەکاتەوە
ئیسرائیل ڕایگەیاند : دوو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە لە ئاسمانی هەولێر خراونەتە خوارەوە کە بۆ ئیسرائیل نێردرابوون
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئەو دوو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە ئێرانیەی کە مانگی رابردوو لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە لە نزیک شاری هەولێر خرانە خوارەوە، بۆ ئەوە نێردرابوون تاوەکوو لە ناو ئیسرائیل بتەقنەوە.
دوو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە ، کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکاوە لە ١٤ی مانگی رابردوو خرابوونە خوارەوە، لە جۆری شاهد ١٣٦ بوون، ئەوە بە گوێرەی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل.
پێش ئەو هێرشە شکستخواردووە، بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل لە ئامادەباشی دابوون، چوونکە لەوە دەترسان لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران، تاران هێرش لە دژی ئیسرائیل بکات.
هەفتەی ڕابردوو، میدیای نزیک لە حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، هەر لە مانگی شوباتدا ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانی سەدان فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی ئێرانی لە بنکەیەکی ئاسمانی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوبردووە. لە دوای ئەو هێرشە، ئێران ١٢ مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش بە پاساوی بە ئامانجکردنی پێگەیەکی ئیسرائیلی کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە دەنگۆیەکی بێ بنەما ناوی دەبەن.
پشتڕاستکردنەوەی هەوڵی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی هەولێرەوە، مانگێک دوای ئەوە دێت کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل رایگەیاند ساڵی رابردوو، دوو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی شاهد ١٩٧ کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆشتن، لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل وە خرابوونە خوارەوە.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە