وەزارەتی تەندروستی : پڕۆسەی خوێندن باش بەڕێوە دەچێت
پەیامی کورد ... وەزارەتی تەندروستی : پڕۆسەی خوێندن باش بەڕێوە دەچێت
ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "تاوەكوو ئێستا پرۆسەی خوێندن بە باشی بەڕێوە دەچێت و ھیچ راپۆرتێكمان بۆ نەھاتووە، كە دۆخەكە خراپ بێت و بڕیاریشە دوو ھەفتە جارێك ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بكرێت و وەزارەتی پەروەردەش سەرپشك كراوە، كە چۆن مامەڵە لەگەڵ قوتابخانەكان دەكات و ئێمەش بە ووردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین".
د. ئاسۆ حەوێزی، رایگەیاند: "پرۆسەی خوێندن لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەمێكە دەستی پێكردووە و باش بەڕێوە دەچێت و دواتریش قۆناغەكانی دیكەش دەستی پێكردووە، كە ئەوانیش تا ئێستا باش بەڕێوە دەچێت و كێشە نەبووە و ھیچ راپۆرتێكیش بۆ ئێمە نەھاتووە كە دۆخەكە خراپ بێت و بە چەند رۆژێكیش ناتواندرێت ھەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، بۆیە بڕیارمان داوە ھەر دوو ھەفتە جارێك ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بكەین و ئەو كات بڕیاری لێ بدەین".
حەوێزی ووتیشی: "بە ووردی چاودێری دۆخەكە دەكەین و لە ھەر شوێنێك گومان یان حاڵەت ھەبێت و چەند كەسێك لە قوتابخانەیەك تووش بن، ئەوكات بڕیاری لێ دەدەین، بەڵام تا ئێستا ھیچمان بۆ نەھاتووە، بۆیە وەزارەتی پەروەردە سەرپشك كراوە لە ھەر قوتابخانەیەك حاڵەت ھەبێت، دایبخات یان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بكات، لەبەر ئەوە تا ئێستا پرۆسەكە باش بەڕێوە دەچێت و كێشەمان بۆ درووست نەبووە".
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە