وەزارەتی تەندرووستی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا بەم شێوەیە ڕادەگەینێت
پەیامی کورد ... وەزارەتی تەندرووستی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا بەم شێوەیە ڕادەگەینێت
وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا چەند بڕیارێکی گرنگ دراون بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤیرووسی کۆرۆنا، لەنێویاندا قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان بە داخراوی دەمێننەوە تاوەکوو 10ی نیسان.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە قەدەغە دەبێت و تەنها بارهەڵگرەکان و چەند لایەنێکی دیکەی دیاریکراو رێگەیان پێدەدرێت لەو رۆژانەدا هاتووچۆ بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای کۆتایی هێنان بە تاقیکردنەوەکان، خوێندن دەکرێتە ئۆنڵاین، هەروەها کافتریا و رێستۆرانتەکان و هۆڵەکانی وەرزش لە کاتژمێر ٩:٠٠ی شەوی تاوەکوو٠٠00ی بەیانی دادەخرێن، هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و پرسە و بۆنەیەک قەدەغەیە و لە ئەمڕۆوە بڕیارەکان وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا
١ : داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بەردەوامبێت بە هەموو دام ودەزگاکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تاوەکوو رۆژی 10-04-2021، لەو ماوەیەدا تەنیا تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدرێن بە رێکاری تەواوی تەندرووستی.
٢ : راگرتنی هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس و فیستیڤاڵێک تاوەکوو سەلامەتی هاووڵاتییان بپارێزرێت.
٣ : هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و پرسەی ماتەمینی لەناو ماڵان و گەڕەکەکان و سەردان و بەسەرکردنەوەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان لە هەر شوێنێک و بە هەر ناونیشانێک بێت، رێگەپێدراو نییە.
٤ : داخستنی تەواوی هۆڵی بۆنەکان و ئاهەنگ و رێوڕەسمەکان و فیستیڤاڵەکان و شانۆکان، هەروەها هۆڵەکانی وەرزش، تەنانەت لەناو هۆتێلەکان و شوێنە گشتییەکان.
٥ : هۆڵی سینەماکان بە داخراوی دەمێننەوە لە گشت شوێنە گشتییەکان، لەناو بازاڕ و مۆڵەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
٦ : هاتووچۆ بە تەواوەتی لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق لە رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە رادەگیرێت، تەنها رێگە بە هاتووچۆی بازرگانی و شاندە فەرمییەکان دەدرێت بە رێکاری تەندرووستی.
٧ : یانە و کافتریا و هۆڵە وەرزشییەکان و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشکردنی نێرگەلە و لەدوای کاژێر 09:00ی شەو تاوەکوو 06:00ی بەیانی دادەخرێن.
٨ : کافتریا و یانە و چێشتخانە و خزمەتگوزارییەکان، ئەوانەی رێگەپێدراون لە 06:00ی بەیانی تاوەکو 09:00ی شەو، پێویستە ئەگەر شوێنی دەرەوەی هەبێت لە شوێنی کراوە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکێش بکەن، لەکاتی نەبوونی شوێنی کراوە، واتە باخچە و پارک، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی مێزەکانیان بەتەواوەتی سنووردار بکرێت و بۆشاییەکی تەواو لەنێوان میوانەکانی هەبێت و پەنجەرەکانی بکاتەوە بۆ هەواگۆڕکێ، دەشبێت ماسک ببەستن.
٩: تووندکردنەوەی سەپاندنی سزا بەسەر هەر کەس یان خاوەنی شوێنێک کە دەبێتە هۆکار بۆ نەبەستنی ماسک یان کۆبوونەوەی هاووڵاتییان تێیدا، خاوەنی ئەو شوێنە بەرپرسیارە لە نەبەستنی ماسک لەو شوێنەدا کە هاووڵاتییانی تێدا کۆدەبێتەوە، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەش لە هەموو شوێنەکان ئەگەر ماسک نەبەستن لەلایەن تیمە هاوبەشەکان لە پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکانەوە رێکارەکان بەرامبەری جێبەجێ دەکرێن.
١٠ : بەردەوامی لە پشکنینی سەرجەم ئەو کەسانەی کە دەگەڕێنەوە ناو هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان.
١١ : قەدەخەکردنی قەرەباڵخی و کۆبوونەوەی هاووڵاتییان و فەرمانبەران لەناو فەرمانگەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، بەڕێوبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگانە بەرپرسیاری یەکەمن لەم روەوە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە