وەزارەتی تەندرووستی هەرێمی کوردستان هۆشداری بڵاوبوونەوەی خێراتری ڤیرووسی کۆرۆنا دەدات
پەیامی کورد ... وەزارەتی تەندرووستی هەرێمی کوردستان هۆشداری بڵاوبوونەوەی خێراتری ڤیرووسی کۆرۆنا دەدات
وەزارەتی تەندرووستی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکی هۆشداریدا رایگەیاند، لە ئێستادا رێنماییەكانی تەندرووستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێکدورکەوتنەوە، هۆشداری دەدەن لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر بەتایبەتی پاش بڵاوبونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤیرووسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی ووڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن.
وەزارەتی تەندرووستی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتیمانیان وا درووست بووە گوایە نەخۆشی كۆرۆنا نەماوە و مەترسی ئەم ڤیرووسە نەماوە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان، کە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك و گرینگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگا بەرگری بەکۆمەڵ و بەگشتی درووستبووە دژی ئەم ڤیرووسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە، ئەمە جیا لەوەی خەڵكانێك هەر لەسەرەتاوە باوەڕیان بەبوونی ڤیرووسەكە نەبوە، بەمەش نەوەستان بەڵكو هەست و سۆزی خەڵكیان ڕادەكێشا و بابەتی تریان دەبەستەوە بە پرسی كۆڕونا و دژی ئەو ڕێكارانە بوون كە حكوومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان و پاراستنی گیانیان و دەیگرتە بەر".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستاش كە ژیان ئاسایی بوەتەوە لە کردنەوە هەمو شوێنەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان و مزگەوت و گەشت کردن و زۆر شوێنی تر، بەڵام ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێک دوورکەوتنەوە.
وەزارەتی تەندرووستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دوبارە بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا بە "شێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤیرووسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی ووڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن".
ئەوەش خراوەتەڕو، "هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندرووستیەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنین بە سەلامەتی".
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە