وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگادارییەکی گرینگ بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی بڵاوكردەوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگادارییەکی گرینگ بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی بڵاوكردەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، هەزار و ٣٠٠ دەرچووی دیکەی دوانزەی ئامادەیی ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕایەوە.
لە ڕاگەیندراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا هاتووە: ژمارەیەک لە دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نووسرابوو (وردبینی دەکرێت)، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ناویان گەڕایەوەو لە ئێستادا دەتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی کۆنمرەکانیان وەربگرنەوە.
د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەو دەرچووانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نووسرابوو وردبینی دەکرێت، لە ئێستادا بەپێی کۆنمرەکانیان ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و دەتوانن لە وێبسایتی regayzanko.com لە شوێنی وەرگرتنیان دڵنیا ببنەوە کە ژمارەیان نزیکەی (١٣٠٠) وەرگیراوە.
هەروەک وتیشی: داوا لەو دەرچووانە دەکەین لە هەفتەی داهاتودا پەیوەندی بکەن بەو کۆلێژ و بەشانەی کە ناویان لێی گەڕاوەتەوە، بۆ ئەوەی مامەڵەی خۆتۆمارکردن ئەنجام بدەن.
بەڕێوبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون دەشڵێت: لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوی ئەو دەرچوانەش ڕادەگەیندرێت کە لە ڕێگەی فۆڕمی ڕاستەوخۆ داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ وەرگرتنیان لەو کۆلێژ و بەشانەی کورسی بەتاڵیان ماوەتەوە
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە