وەزارەتی دارایی بە بەڵگە راپۆرتی کەناڵێکی میدیایی ڕەت دەکاتەوە

پەیامی کورد  ...  وەزارەتی دارایی بە بەڵگە راپۆرتی کەناڵێکی میدیایی ڕەت دەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوەدەکات، لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ١٠ مووچەیان دابەشکردووە و داهاتی ناوخۆش کە کۆدەکرێتەوە تەنیا پارەی کاش نییە بەڵکو بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان ئەوەی دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی  ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دینارە.

رۆژی هەینی ٢٩-١٢-٢٠٢٣، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە راگەیێندراوێک راپۆرتی کەناڵێکی میدیایی رەتکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣ حکوومەتی عێراق ٤ ترلیۆن و ٢٩٨ میلیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لەو ژمارەیە ٣ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز بووە و ٥٩٨ ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران بووە.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، "پشکی خەمڵێندراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـی عێراق نزیکەی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینارە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی (خەرجی کرداری) پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی ساڵەکە کە حکوومەتی عێراق بۆ حکوومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی ٦ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی ١١ ترلیۆن دینارە، بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی ٥ ترلیۆن دینارە و کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆران".

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، کێشەی یاسای بودجە بوونی بڕگەی خەرجی کردارییە، کە بەگوێرەی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە ٩١٣ ملیار دینارە؛ ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی ٢٥ ملیار دینارە.

لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی دارایی باس لە کورتهێنانی بۆ مووچە کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر ١٠٠% داهاتی نێوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەن هێشتا بە تەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکرێت، "هەندێک مانگ ناچار بووین داهاتی نێوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین، کە کورتهێنانەکە نزیکەی ٣٤٠ ملیار دینارە".

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی، داهاتی نێوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی ٣٢٠ ملیار دینارە و بەشی سەرەکییان لە داهاتی گومرگ، باج، کارەبا، هاتووچۆ و بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە وەردەگیرێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەشێکی ئەو داهاتانە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان کە بەپێی یاسا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دینارە".

وەزارەتی دارایی باسی لە خەرجی مانگانەی دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دەزگاکان کردووە و رایگەیاندووە، مانگانە نزیکەی ١٧٠ ملیار دینارە و لە داهاتی نێوخۆ دابین دەکرێت.


ئەم بابەتە 12005 جار خوێندراوەتەوە