وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەکی گرینگدا زانیاری نوێ سەبارەت بە گرانبوونی بەهای دۆڵار بڵاو دەکاتەوە
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا بەهۆی بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار یەدەگی نەختینەیی عێراق ٦ ملیار دۆلار زیادیکردوە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی هەبوە لەسەر هاوردە و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ.
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، "لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا بە بەردەوامی بەدوای کاریگەرییەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی کەوتوە و ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە گۆڕانی ڕێژەی ئاڵوگۆڕەکە بەشداری کردوە لەزیادبوونی یەدەگی بیانی لەبانکی ناوەندی عێراق کە لە ئێستادا گەیشتوەتە ٦٠ ملیار دۆلار.
ئاماژەی بەوەشکردوە، یەدەگی نەختینەیی عێراق لە مانگی (کانونی یەکەم/12)ی ٥٤ ملیار دۆلار بوە، گۆڕینی بەهای دۆلار بوەتە هۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر دراوی بیانی، کە راستەوخۆ بوەتە هۆی پەنابردن بۆ بەرهەمی ناوخۆ و کەمبوونەوەی کاڵای هاوردەکراو.
ئەو وەزارەتە روونیکردوەتەوە، داهاتی ئەو پارەیەی بەهۆی گرانبوونی بەهای دۆلار بەدەستهاتوون بۆ درووستکردنی ژێرخانێكی بەرهەمهێنەرە لەدەرەوەی کەرتی نەوت و پشت بەکەرتەکانی تر دەبەستێت.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە