وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا : ئازار و ئەشکەنجەی بەندکراوانی "ئێڤێن" سیستەماتیکە
دوێنێ چوارشەممە ٢٥ی ئۆگۆستی ٢٠٢١ ئیدارەی دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ و کاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا سەبارەت بەو ڤیدیۆیانەی کە لەسەر ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیانی "ئێڤێن" بڵاو بوونەتەوە هەڵوێستی نیشان دا.
لەو پەیامەدا هاتووە:" ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە بەندیخانەی بەدناوی "ئێڤێنـ"ـدا بڵاو بوونەتەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە لەمێژە ئەو دۆخە لەو زیندانەدا هەیە و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییان کارێکی سیستەماتیکە".
هەروەها لەو پەیامەدا ڕایانگەیاندووە:" ئێمە بە ئێران دەڵێین کە تەواوی زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات و هەڵسوکەوتێکی شیاویان لەگەڵ بکرێت".
هەر لەو پەیوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا جارێکی دیکە داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کرد کە ئیزنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەزیندانەکانی ئێران بە ڕیپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە درێژەدا بڵاوی کردووەتەوە ئەو ڤیدیۆیانە نیگەرانییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ قەرەباڵغی لەڕادەبەدەر لە زیندانەکان و دۆخی بێبەزەییانە و نامرۆڤانەی بەندە تاکەکەسییەکان پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە