وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا : دانووستانەکانی ڕۆژی شەممە لەگەڵ ئێران دانووستانی فەرمی نین، کۆبوونەوەیە

پەیامی کورد    ...   وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا : دانووستانەکانی ڕۆژی شەممە لەگەڵ ئێران دانووستانی فەرمی نین، کۆبوونەوەیە

ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاكەلێوەی ١٤٠٤ لە عوممان "دانووستانێكی فەرمی" نییە و زیاتر بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی دانووستانەکانی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ناکۆکی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا سەبارەت بە شێوازی ئەم کۆبوونەوەیە بەردەوامە. تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە دانووستانەکان ناڕاستەوخۆن، بەڵام دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاكەلێوە دەستپێکردنی "دانووستانی ڕاستەوخۆ"ی ڕاگەیاند.

ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی بکات بۆ هێشتنەوەی دانوستانەکان بە ناڕاستەوخۆ، لەوانەیە ئاستیو ویتكاف، نوێنەری تایبەتی ترامپ بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات.

لە لایەکی دیکەوە بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە داوای ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی "مۆدێلی لیبی" کرد و ڕایگەیاند، پێویستە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی لە ژێر چاودێری ئەمریکادا لەنێوببرێن.

کۆبوونەوەکە لە عوممان کە بڕیارە بە نێوەندگیری ئەم ووڵاتە بەڕێوە بچێت، دوای لێدوانی دژبەیەک لە هەردوولا، هێشتا ڕووبەڕووی نادڵنیایی بووەتەوە. 

ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ووتووێژانە هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی دانووستانی فەرمی.


ئەم بابەتە 32 جار خوێندراوەتەوە