وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە هاتنی پاپای ڤاتیکان پەیامێک بلاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە هاتنی پاپای ڤاتیکان پەیامێک بلاو دەکاتەوە
ووتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، عێراق بۆ پێشوازیكردن لە پاپا فڕانسیس، پاپای ڤاتیكان ئامادەیە و چەندین لیژنەی مەعنەوی و هەماهەنگیش بۆ ئەو مەبەستە پێك هێنراون.
د. ئەحمەد سەحاف، لە لێدوانێكی تایبەتدا ڕایگەیاند : "ئامادەكارییەكان لە ڕووی ڕێكخستنەوە كراون و چەندین لیژنەی مەعنەوی و هەماهەنگی و رێكخستن و چاودێری بۆ پێشوازیكردن لە قەداسەتی پاپای ڤاتیكان پێك هێنراون".
سەحاف ئاماژەشی دا: "ئەم سەردانەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق، سەردانێكی مێژووییە و چەندین بەرنامەی جۆراوجۆری دەبێت، لەوانە سەردانی ناسریە و نەجەف، هەروەها سەردانیكردنی سیستانی، جگە لەمانەش، لە بەغدا سەردانی كەنیسەی ماریوسف و چەند كەنیسەیەكی تر دەكات، هەروەها دەچێتە ناحیەی قەرەقوش لە مووسڵ و دواتریش دەچێتە هەولێر بۆ یاریگای شەهید فرانسۆ هەریری".
ناوبراو دەشڵێ، لە ڕووی میدیاییشەوە، ڕاگەیاندنەكانی چەندین ووڵاتی جیهان ئامادە دەبن و، هەموو ئاسانكارییەكیشیان بۆ كراوە.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە