وەزارەتی ناوخۆی سووریا : هێزە ئەمنییەکان بە سەرکەوتوویی ئاگربەست لە سویدە جێ بەجێ دەکەن

پەیامی کورد   ...   وەزارەتی ناوخۆی سووریا : هێزە ئەمنییەکان بە سەرکەوتوویی ئاگربەست لە سویدە جێ بەجێ دەکەن

ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئاگربەست لە شاری سویدە جێ بەجێ کراوە، ئەمەش زەمینە بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و گەڕانەوەی ووردە ووردە سەقامگیری بۆ تەواوی پارێزگاکە خۆش کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سووری (سانا)، خەتاب زیادی کرد: دوای ڕۆژە خوێن ئاوییەکانی سویدە، هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ سەرکەوتوو بوون لە هێورکردنەوەی دۆخی ناو پارێزگاکە دوای ئەوەی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای ئەو پارێزگایە جێگیر بوون.

سانا پێشتر بڵاویکردبووەوە کە “هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای سویدە، جگە لە ناوەندی پارێزگا، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە و پاراستنی دانیشتوان، جێگیرکراون”.

چەند کاتژمێرێک پێشتر، تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لە سووریا، لە پۆستێکدا لە کەناڵی ئێکس ئاشکرای کرد کە "هەموو لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر ئاگربەست لە سویدە تا کاتژمێر 5ی ئێوارە (یەکشەممە) بە کاتی دیمەشق."

باراک ئاماژەی بەوەدا کە “شەڕەکە تەنها بە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی تووندوتیژی و پاراستنی بێ تاوانەکان و ڕێگەدان بە گەیشتن بە یارمەتییەکان بۆ سویدە کۆنتڕۆڵ دەکرێت”.

باراک ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەگەری ئاشتییەکی هەمیشەیی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی تەواوەتی زیندانییەکان هەیە، کە لە ئێستادا بەردەوامە”.

بەڵام سانا ڕاپۆرتی دا کە تا ئێستا هیچ ئاڵوگۆڕێکی زیندانییەکان لە سویدە ڕووی نەداوە و دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن.

لە ١٣ی تەمووزدا لە سویدە شەڕی چەکداری لە نێوان هۆزەکانی بەدەوی و گرووپە درووزەکان ڕوویدا. هێزەکانی حکوومه ت بۆ دامەزراندنی ئاسایش ڕوویان له ناوچه که کرد، بەڵام پێکدادانێکی قورس له نێوان ئەوان و میلیشیا درووزەکاندا ناچاریان کرد پاشەکشه بکەن.

حکوومەتی سووریا چوار ڕێککەوتنی ئاگربەستی لە سویدە ڕاگەیاند، دوایین ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕۆژی شەممەی ڕابردوو.


ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە