وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە یاسای هاتووچۆ دەکات

پەیامی کورد      ...    وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە یاسای هاتووچۆ دەکات

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی پێداچوونەوەیە بە یاسای ھاتووچۆ، ووتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، یاسای ھاتووچۆ بۆ سەردەمی ئێستا ناگونجێ و بە یاسای نوێ گۆڕانکاری لە کەرتی ھاتووچۆ دەکرێت.

عەمید ئەسعەد کەریم، ووتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "وەزارەتی ناوخۆ خەریکی پێداچوونەوەیە بە یاسای ھاتووچۆ و یاساکە ھەموار دەکرێتەوە، چوونکە ئەو یاسایەی بۆ ھاتووچۆ ھەیە لەسەر دەمی حاکمی مەدەنی عێراق دەرکراوە و لە زۆر لاوە پێویستی بە پێداچوونەوەیە، لەبەر ئەوەش وەزارەت لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی دیکەیە بۆ ھاتووچۆ.

ووتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێم دەڵێت "بڕیارە لە ھەموو روویەکەوە پێداچوونەوە بە سیستەمی ھاتووچۆ بکرێت ھەر لە دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری تا دەگاتە تۆمارکردن و ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێڵ و پێ بژاردەکان و ئەو سزایانەی دیار دەکرێن بۆ سەرپێچیەکانی ھاتووچۆ".

عەمید ئەسعەد کەریم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی گۆڕانکارییەکان و زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێڵەکان کەرتی ھاتووچۆ پێویستی بە پێداچوونەوەیە بەشێوەیەک لەگەل سەردەمی ئێستا بگونجێت".


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە