وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد      ...     وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش و شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک لە سنووری کفری دەڵێت، ''تیرۆرستان'' جووڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و شێوازی شەڕ و پەلاماردانیان گۆڕیوە و بەردەوام مەترسی دروست دەکەن. 

دەقی ڕاگەێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە

لەماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان ڕێکبخەنەوەو لەئێستادا لەشێوەی گرووپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر  دەرکەوتوونەتەوە.  بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی 11ی ئایاری 2021 تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا،  لەسنووری قەزای کفری و لەئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی( محسن حسێن گەرەوەیی) شەهیدبوو. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ  دراوەتەوەو تیرۆریستان راونران. جارێکی تر دوپاتی دەکەینەوە، کە تیرۆرستان جووڵەو بزاوتەکانیان زیادبووەو لەئێستادا شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوەو، بەردەوام مەترسی درووست دەکەن.

لێرەوه جەخت دەکەینەوە، بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە.

بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا ووڵامی تووندی  دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوەو پێشمەرگەش جێگای باوەڕو متمانەی  هەموو لایەکە. 

پرسەو سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدی سەنگەری بەرگری نیشتمان (محسن حسێن گەرەوەیی) دەکەین و پەروەردگاری میهرەبان سەبووری هەموو لایەک بدات.

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

12 ی ئایاری 2021


ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە