وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەێندراوێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...   وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەێندراوێک بڵاو دەکاتەوە

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ئیدانه‌ى په‌لاماره‌كه‌ى داعش بۆسه‌ر هێزه‌كانى سوپاى عێراق ده‌كات‌ و داواى كارى پێكه‌وه‌یی سوپاو پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان ده‌كات، ده‌شڵێت:"دۆخی ئێستای ناوچەکەو دەرکەوتنەوەی چالاکییە تیرۆریستیەکان‌ و زیندوو بوونەوەی شانە نووستووەکان مەترسیەکی هەستپێکراوە".
له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "بە تووندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سوپای عێراق دەکەین کە بەهۆیەوە کۆمەڵێک لەجەنگاوەرانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لەناحیەی (عوزێم) لەپارێزگای دیالە، شەهیدبوون، بەردەوامی ئەم کردەوانە، ئەرکمان لە پێکەوەیی‌ و بەردەوامی هەمەهانگی‌ و هاوکارییەکان لەڕاوەدونانی تیرۆریستان زیاتر دەکات".
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ى دۆخى ئێستاوه‌ هۆشداری داوه‌و ده‌ڵێت:"دۆخی ئێستای ناوچەکەو دەرکەوتنەوەی چالاکییە تیرۆریستیەکان‌و زیندوو بوونەوەی شانە نووستوەکان مەترسیەکی هەستپێکراوەو هەماهەنگی‌ و ڕۆڵ بینینی سوپای عێراق‌ و هێزەکانی پێشمەرگە بە دیاریکراوی لەناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە، پێویستیەکی هەنووکەییە".
جه‌ختیكردووەته‌وه‌، "ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کارە تیرۆریستییە، داوا دەکەین پێداچوونەوەو ڕێوشوێنی جیددی بگرێتەبەر بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان‌و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەپێناو ڕاوەدوونان‌ و تێکشکاندنی تەواوەتی شانە نووستوەکانی تیرۆریستان".
ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌كاتێكدایه‌، بەرەبەیانی دوێنێ هەینی چەکدارانى داعش لە گوندی تەڵعەی سەر بەشارەدێی عوزێم لەپارێزگای دیالە، هێرشیان كرده‌سه‌ر سەنگەرێکی سریەی یەکی فەوجی یەکی لیوای دووی سوپای عێراق‌و به‌هۆیه‌وه‌ ١١ سەربازو ئەفسەری سوپای عێراقیان کوشت، دواتریش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتن.


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە