وەزارەتی پێشمەرگە ھۆکاره‌كانی کەمبوونەوەی ھێرشه‌كانی داعش ئاشكرا ده‌كات

پەیامی کورد     ...    وەزارەتی پێشمەرگە ھۆکاره‌كانی کەمبوونەوەی ھێرشه‌كانی داعش ئاشكرا ده‌كات

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەینێت، ھۆکاری کەمبوونەوەی ھێرش و چالاکییەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەماھەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە و بەردەوامیش ئۆپراسیۆن دژی داعش ئەنجام دەدرێت.

لیوا قارەمان کەمال، ڕایگەیاند : داعش هێشتا لەناو نەچووە و دەیەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێت، بۆ ئەوەی بڵێت ماوم، بەڵام چالاکی ئەوتۆی نەماوە دوای دروستبوونی ھەماھەنگی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان، چوونکە ئۆپراسیۆنی بەردەوام ھەیە و هەرچەندە جاروبار ھێرش دەکات، بەڵام چالاکی کەم بووەتەوە بە ھۆی ھەماھەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق.

کەمال ووتیشی، ھەماھەنگییەکە بەردەوام دەبێت و بڕیار دراوە بەردەوام کاری لەسەر بکرێت و زیاتریش بکرێت، بۆ ئەوەی داعش چیتر نەتوانێت زیان بە ناوچەکە بگەینێت، چوونکە تا ھەماھەنگی بەھێز بێت لە نێوان ھەردوو لادا، چالاکی و ھێرشەکانی داعش لاواز دەبن، بەڵام بتەوێت داعش تەواو بێت، ئەوە زەحمەتە، چوونکە ھەر کاتێک بۆیان بڕەخسێت، ھێرشی سەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەکەن.

جێگری سوپاسالار ڕوونیشی کردەوە، ھەماھەنگییەکان بە جۆرێک بەردەوام دەبن، کە رێگە نەدرێت چالاکییەکانی داعش کاریگەری ھەبێت و ئەگەر کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵاش نەکرێت لە نێوان فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بەردەوامن لە هەماهەنگی، کە ئەمەش گرنگی و کاریگەری زۆری ھەیە.


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە