وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی لە ھەرێمی كوردستان داوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی لە ھەرێمی كوردستان داوە
بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەوان وەكوو وەزارەت كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام داوە و ئامادەكاری تەواویان كردووە بە لەبەرچاوگرتنی رێنمایی تەندرووستی، بۆ ئەوەی لە ١٠ی ئەم مانگەدا پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە. دەشڵێ: "چاوەڕێی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكەین، بزانین ئەوان چ بڕیارێك دەدەن".
دكتۆر سەیوان فەرەج، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند : "ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و تێیدا بڕیاری داوە كە لە ١٠ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی ئامادەكارییەكان كراون و پێداویستییەكان دابین كراون بە لەبەرچاوگرتنی رێنمایی تەندروستی، بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێك روو نەدات و پرۆسەكە بە ئاسایی بەڕێوە بچێت".
ناوبراو ووتیشی: "چاوەڕێ دەكەین وەزارەتی تەندرووستی راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی تەندرووستی و كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان ئامادە بكات و لە كۆبوونەوەی حەوتی مانگدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بڕیار سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن بدرێت".
دەشڵێ: "ئێمە بڕیاری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنمان لە ھەرێمی كوردستان داوە و ئەوەی دیكەش لەسەر بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا دەمێنێتەوە".
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە