وەزارەتی پەروەردە : لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ، ٦ ملیار دینار بۆ ناوەندەکانی خوێندن تەرخانکرا
پەیامی کورد ... وەزارەتی پەروەردە : لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ، ٦ ملیار دینار بۆ ناوەندەکانی خوێندن تەرخانکرا
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بڕی 6 ملیار دینار بۆ ناوەندەکانی خوێندن تەرخانکرا، لەو بڕە پارەیەش سێ ملیار دینار بۆ درووستکردنی ژووری نوێی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن تەرخان دەکرێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێکدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم شەش ملیار دیناری بۆ ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە تەرخانکرد، لەو بڕە پارەیەش سێ ملیار دینار بۆ درووستکردنی ژووری نوێی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە تەرخان دەکرێت، لە ئیستاشدا هەمو رێکارەکانی ئەندازەیی و کارگێری و فەرمانی خەرجی دارایی تەواو بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەو پارەیە (184) ژوری نوێی خوێندن (هۆبە) دروست دەکرێن، لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، لە ئیستادا دەتوانن دەست بەکار بن بۆ جێبەجێکردن.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، سێ ملیارەکەی دیکەش بۆ نۆژەنکردنەوەی (293) دوسەدو نەوەد و سێ قوتابخانە تەرخان کراون، کە رێکارەکانی ئەندازەی و کارگێری و فەرمانی خەرجی داراییان لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان تەواو بوە، لە ئیستادا دەتوانن دەست بەکار بن بۆ جێبەجێکردن .
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە