وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

پەیامی کورد      ...     وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد و رایگەیاند، 22ی حوزەیرانی 2021 كۆتایی ساڵی خوێندن دەبێت و تاقیكردنەوەكان دەست پێدەكەن.   

وەزارەتی پەروەردەی لەنووسراوێکدا کە واژۆی د.سەیوان عەلی بریکاری وەزارەت و بەڕێوبەری گشتی ئەزموونەکان بە وەکالەتی لەسەرە ئاماژە بەوەشکراوە،  قۆناغی (1، 2 و 3)ی بنەڕەتی بەردەوام دەبن لە خوێندنی ناو پۆل و پێویستە هەر چوار نمرەی هەڵسەنگانیان هەبێت بە رەچاو كردنی ئەوەی چوارەم هەڵسەنگاندن لە كاتی تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ دابنرێت كە لە 22ی حوزەیراندا ئەنجام دەدرێت.  

ئەوەش هاتوە، پۆلەكانی (4 تا 11)ـی بنەڕەتی  بەردەوام دەبن لەخوێندنی ناو پۆل و تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ لە ٢٢ی حوزەیران ئەنجام دەدەن و لەكاتی دەستپێكردنی خوێندنی ناو پۆلیشدا ئەو قوتابیانەی فۆڕمی بەڵێننامە بۆ بەردەوامبوونی خوێندنی ئۆنلاین پڕدەکەنەوە، بەشداری خوێندنی ناوپۆل نابن.

دوێنێش وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پوختەی بابەتەکانی خوێندنی پۆلەکانی ١ تا ١١ی بنەڕەتی بڵاوکردەوە و رایدەگەیاند، پێویستە کارگێری قوتابخانەکان لە ئێستاوە ئامادەسازی بۆ دانانی خشتەی وانەکان بکەن.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە