وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات

پەیامی کورد      ...   وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند کە پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێ لە پرۆژە گرینگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و رۆڵێکی گرینگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە.
"تا ئێستا لە ٩٧% ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیان گەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سووتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بێنێت." وەزارەتی کارەبا بەم جۆرە روونکردنەوەی داوە.
دەشڵێت: پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، نارازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد.
سەبارەت بە کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا، وەزارەت ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو کێشەیە هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە.
"بەلارێدا بردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە." وەزارەتی کارەبا لێرەدا هۆشداری دەدات.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، پێوەری زیرەک لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، کە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا نیوەی خواست لەسەر کارەبا پڕ دەکاتەوە، رۆڵێکی گرینگی لە نەهێشتنی بە فیڕۆدانی کارەبا و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە تێکچوون و سووتان و سەرپیچی گێڕاوە.
ئەوەشی بەبیرهێناوەتەوە کە "تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٥٠ فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە،  ١٠٠ سەرەمحاویلە لەسەر بووە. لەساڵی ٢٠٢١ بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ ١٠ سەرەمحاویلە و ١٠ فیدەری ئۆڤەرلۆد و سووتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە."
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبای هەرێم، پێوەری زیرەک ئاستی بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی کە هەر هاوبەشێکی کارەبا بە پێی مافی خۆی کارەبا وەربگرێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەر، مافی گشتی و دراوسێکانی پێشێل نەکات. بە نەبوونی پێوەری زیرەک، دۆخی کارەبا بەهۆی لە ئاستی پێویستدا نەبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و زۆربوونی سەرپێچی، زۆر خراپ دەبوو.
بۆ داهاتوی پێوەری زیرەکیش دەڵێت "تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێوەری زیرەک بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبا، ئەو کاتە سوودەکانی بەدەر دەکەوێت کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاستی پێویستدا بێت."
لە کۆتایی رونکردنەوەکەشدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان دایە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەکانی کارەبا و ئەرکەکانی هەر یەک لەم بەشانە. لە ئەگەری هەر جۆرە زیان گەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا، سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەینێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە