وەزارەتی کارەبا بڕیارێکی گرینگ دەربارەی نانەواخانە و سەموونخانەکان دەردەکات
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردراوە کرێی کارەبا بۆ خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەکان بەڕێژی ٢٠% دابەزێنرێت و لەسەرەتای ئەم مانگەوە کاری پێدەکرێت.
لەدوائین نووسراوی وەزارەتی کارەبادا کە ئەمڕۆ دەرچوە و واژووی کەمال موحەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستانی لەسەرە ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاردراوە بە داشکاندنی ٢٠%ی کارەبای بەکارهاتو بۆ سەرجەم نانەواخانە و سەموونخانەکان.
ئەوەش هاتوە، ئامانجی بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندی گشتی، کۆنتڕۆڵکردنی نرخی نان و نەهێشتنی قۆرخکاری لە گرانکردنی نرخی نان دەرکراوە.
دوای ئەوەی لەماوەی هەفتەی رابردودا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئارد و سوتەمەنی نرخی نان لەبەشێک لەنانەواخانە و سەموونخانەکانی کوردستان گران بو، ٢٩ی ئابیش ئەنجوومەنی وەزیران نۆ بڕیاری بۆ رێگریکردن لەگرانبوونی نرخی نان دەرکرد لەوانەش دابینکردنی سوتەمەنی و کارەبا بەنرخێکی هەزانتر بەنانەواخانەکان و دەستکردن بەبەرهەمهێنانی ئارد لەناوخۆدا لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە