وەزیری بەرگری ئیسرائیل: بنکە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە مۆڵگەی بەرهەمهێنانی مووشەک

پەیامی کورد   ...  وەزیری بەرگری ئیسرائیل: بنکە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە مۆڵگەی بەرهەمهێنانی مووشەک

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد کە لەخاکی سووریا مووشەکی پێشکەوتوو بەرهەم دێنێت.

به گوێرەی ڕاپۆرتی یۆرۆنیوز، بێنی گانتس ڕایگەیاند : کۆماری ئیسلامی لە دام و دەزگا نیزامییەکانی دا لە ووڵاتی سووریا، زیاتر لە 10 بنکە، چەکی قورس و مووشەک درووست دەکات و ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەیانکات بەمەبەستی هەڵگیرسانی شەڕو تێکدانی زیاتری ناوچەکە.

ئەم هەڵوێستەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل پاش لێدوانی فەرماندەی پلەباڵای کۆماری ئیسلامی دێت، ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ، هەڕەشەی لە حەیفا و تەل ئەڤیڤ کردبوو و جەختی کردبوو بە مووشەک ئەو شارانە لەگەڵ خاک یەکسان دەکەن.

کەیوومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی ووشکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی درۆنێکی پێشکەوتووی بە ناوی "ئارشی 2" درووست کردووە کە ئەرکی لێدانی حەیفا و تەل ئەڤیڤە.

بێنی گانتس شوێنی بنکە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ووڵاتی سووریا ئاشکرا کرد و ئەوەشی خستە ڕوو بەبەردەوامی خەریکی دروستکردنی چەکی قورس و مووشەکە.

گانتس لە کونفرانسێکدا لە نیویۆرک ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی، ناوەندی تۆیژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی سووریای لە ناوچەی "مەسیاف" ی کردووەتە مۆڵگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی کورت مەودا و دوورمەودا و ئەم مووشەکانە ڕادەستی گرووپی حێزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەکرێ و ناوچەکە نۆقمی خوێن کراوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕوونی کردەوە: ئامانج لەم سیاسەتە تەنیا بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە ناوچەکەدایە و لە سەردەمی قاسم سلەیمانی، فەرماندەی پێشووی  سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران  کە لە عێراق کوژرا، ئێستاش زۆر گرینگە پێش لەم جۆرە سیاسەتە تێکدەرانە بگیردرێ.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە