وەزیری بەرگری ئەمریکا: باشتر وایە ئێران فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕادەستی ڕووسیا نەکات
پەیامی کورد ... وەزیری بەرگری ئەمریکا : باشتر وایە ئێران فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕادەستی ڕووسیا نەکات
لەدرێژەی پەرۆشی و نیگەرانیەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکی سەبارەت بە هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووسیا، لوئید ئاستین، وەزیری بەرگری و ژەنەراڵ مارک میلی، بەڕێوبەری ناوەندی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریان دایە کۆماری ئیسلامی کە بە هیچ شێوەیەک خۆی لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا تێوەنەگلێنێت.
لوئید ئاستین لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ژەنەڕاڵ مارک میلی ڕایگەیاند: «وا باشترە بۆ ئێران، کە خۆی لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین تێوەنەگلێنێت و بە هیچ شێوەیەک درۆن هەناردەی ڕووسیا نەکات.»
وەزیری بەرگری ئەمریکا دووپاتی کردەوە: بەدڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر درۆن هەناردەی ڕووسیا بکات و لەمە زیاتر پێویست بە لێدوان ناکات.
جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنی نیشتیمانی کۆشکی سپی هەفتەی ڕابردوو ووتبووی ڕووسیا داوای لە ئێران کردووە «سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان» ڕادەستی ڕووسیا بکات هەتا لەشەڕی ئۆکراین بەکاری بێنێت.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە