وەزیری بەرگری تورکیا ئامادەیی ووڵاتەکەی لە سنوورە هاوبەشەکانی لەگەل ئێران ڕاگەیاند

پەیامی کورد      ...   وەزیری بەرگری تورکیا ئامادەیی ووڵاتەکەی لە سنوورە هاوبەشەکانی لەگەل ئێران ڕاگەیاند

وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند : بەرامبەر ئەگەری هەر جمووجۆڵێک یەکەی سەربازی رەوانەی سنوور لەگەڵ ئێران کراوە و رۆژانە زیاتر لە ١٥٠ کەمین و هەڵمەتی پشکنین ئەنجامدراوە.
خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ئێوارەی دوێنێ بە یاوەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا، ژەنەراڵ یاشار گولەر و فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی، ژەنەراڵ مووسا ئاسەڤەر و فەرماندەی سوپای دووەم، ژەنەراڵ مەتین گورەک رێوشوێنەکانی ووڵاتەکەی لە سنوور لەگەڵ ئێران بەسەر کردەوە.

دوای بەسەرکردنەوەی رێوشوێنەکان لە زەمینی و ووشکانییەوە، خولووسی ئاکار و فەرماندەکان لە شەشەمین فەرماندەیی لیوای سنوور لەگەڵ فەرماندەییەکانی یەکەی سنوور و پارێزگاری وان، مەهمەت ئەمین کۆبوونەوە.
خولووسی ئاکار لە ووتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەکە پێشکەشی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ ئاسایشی سنوور کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بە درێژایی رۆژ ئەو رێوشوێنانەی بەسەر کردوەتەوە کە لە ناوچەکەدا گیراونەتەبەر.

وەزیری بەرگری تورکیا باسی لەوە کرد، یەکەکانی سەر سنوور لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا لە سەرانسەری ووڵاتدا، ٩١ هەزار و ٧٨ کەسیان دەستگیرکردوە کە هەوڵیانداوە بە رێگەی نایاسایی بچنە تورکیاوە.
ئاکار ئەوەشی خستەڕوو، ''ژمارەی ئەوانەی لە سنوور لەگەڵ ئێران دەستگیرکراون ٥٨٧ کەسن، ژمارەی ئەوانەشی رێگریان لێکراوە لە سنوورەکانمانەوە بێنە ناوەوە ١٨١ هەزار و ٣٢٨ کەسە، بە جێبەجێکردنی هاریکاری سەربازی و مەدەنی هەموو کارێکی پێویست دەکرێت، لەلایەک سەرباز، لەلایەک بەرپرسانی ئیداری و لەلایەکی دیکەشەوە داواکارانی گشتی کۆماری بەشێوەیەکی چڕ کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن''.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە